تاڵەبانی: دلۆڤان بارزانی، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی خۆشەویست و خەمخۆری میللەتەکەی بوو

0

نوچەنێت

 بەبۆنەی کۆچی دوایی دلۆڤان بارزانی، قوباد تاڵەبانی، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی بارزانی دەکات و رایدەگەیێنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢-٤-٢٠١٨، دلۆڤان ئیدریس بارزانی، لە تەمەنی ٥٢ ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.

قوبادتاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەوەسفی دلۆڤان بارزانیدا دەڵێت، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی خۆشەویست و خەمخۆری میللەتەکەی بوو. هەمیشە رۆڵی ئاشتەوایی لە پرسە هەستیارەکاندا بینیوە.

دەقی پرسەنامەکەی قوباد تاڵەبانی

بەڕێز جەنابی کاک مەسعود بارزانی..
بەڕێز جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی ..
بەڕێزان کاک بارز، کاک یوسف، کاک عەباس، کاک رەوان

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی دڵتەزێن و کتوپڕی، کۆچی دوایی کاک (دلۆڤان ئیدریس بارزانی)مان پێگەیشت، بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی ئێوەی بەڕێز و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم .

بەداخەوە، هەرچەندە ئاشنایی تەواومان نەبوو لەگەڵ خوالێخۆشبوو کاک (دلۆڤان بارزانی)، بەڵام وەک ئەوەی لای هەمووان ئاشکرایە، کەسایەیتیەکی کۆمەڵایەتی خۆشەویست و خەمخۆری میللەتەکەی بوو. هەمیشە ڕۆڵی ئاشتەوایی بینیوە لەئاست پرسە هەستیارەکاندا، ئەم خەسڵەتە جوانانەش ئاساییە لە خودی کاک دلۆڤان-دا کۆ ببێتەوە چونکە ئەو کوڕی شەهید ئیدریس بارزانی نەمرە، کە لەگەڵ باوکم، هەڤاڵ مام جەلال، دۆستایەتی و پەیوەندیەکی توندووتۆڵی نەتەوایەتییان هەبوو، هەروەک ئاشکراشە کە خوالێخۆشبوو، لە بنەماڵەیەکی خەباتگێڕی گەلەکەمان بوو، لەپێناو مافە ڕەواکانی قوربانیەکی زۆریان داوە و ئێستاش تەرمی خوالێخۆشبوو لەپاڵ هەزارەها شەهیدی بنەماڵەکەی بەخاک دەسپێردرێت.

لە پەروەردگاری مەزنمان داوایە گیانی کۆچکردوو بەبەهەشتی بەرین شاد بکات و ئۆقرەیی و دڵنەواییش بە ئێوەو کەسوکاری ببەخشێت، ئومێدەوارین ئەمە دوایین ناخۆشیتان بێت.

انا للە وانا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران
۲ نیسانی ۲۰۱٨

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com