عەبادی هاوکاری ئێزدییەکان ناکات

0

نوچەنێت: تایبەت 

قایمقامی شنگال رایدەگەیەنێت، هیچ لایەنێکی پەیوەندیداری حکومەتی عێراق و رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بەدواداچوونی بۆ رفێراوانی ئێزدی نەکردووە. دەشڵێت “هۆکارەکی کوردبوونمانە”.

داعش دوای داگیرکردنی موسڵ و چەندین شار و شارۆچکەی عێراق و پاشەکشێی بەر فراوانی سوپای عێراق لە ناوچەکە، لە ٣-٨- ٢٠١٤، هێرشی كردە سەر شەنگال‌ و ناوچە ئێزیدینشینەكانی دەروبەری، پاش داگیركردنی ئەو ناوچانە هەزاران كەسی ئێزدی رفاند، كە زۆربەیان كچ‌ و منداڵ بوون، پاشان لە موسڵ‌ و تەلەعفەر، وەك كەنیزەك كڕین‌ و فرۆشتنی‌ پێوه‌ ده‌كردن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تائیستاش وەک پێویست حکومەتی عێراق بەهانایانەوە نەچووە نە بۆ لێکۆڵێنەوە و بەدواداچوونی رفێنراوەکان و نە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محما خەلیل، قایمقامی شاری شنگال، سەبارەت بە چارەنووسی رفێنراوانی ئێزدی لە هێرشی داعش بۆ ناوچەکەیان رایگەیاند “بۆ چارەنوسی بێسەروشوێنانی ئێزدی یاداشتمان ئاراستەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەروەها بۆ وەزارەتی دەرەوە، پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران، بۆ کونسولخانەکان کردووە، تاکو بەدواداچوونی جددی بکەن”.

محما خەلیل دەڵێت، تائێستا عەبادی وەڵامی نەداوینەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئێمە کوردین و ئێزدین. هەروەها لایەنە ئەمنییەکان، تایبەت بەو پرسە بەدواداچوونیان نەکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی لەو بارەیە لێکۆڵێنەوەی نەکردووە.

لەبارەی هاوکاریەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە قایمقامی شنگال گوتی، بە پشتیوانی حکومەتی هەرێم و رۆڵیان، سێ هەزار و ٢٦٠ کەسی ئێزدیان لەدەست داعش رزگار کرد و هاوکاریان کردن، ئێمە سوپاسیان دەکەین.

لەدوای مانگی ئابی ٢٠١٤ەوە، لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نووسینگەیەکی تایبەت بۆ رزگارکردنی کوردانی ئێزدی کراوەتەوە، تائێستاش سەتان کەس لەرێگەی نووسینگەکەوە رزگارکراون و، تاوەکو ئێستاش لە هەوڵەکانی بەردەوامە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com