نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، تا ئێستا حکومەتی عێراق قەرە بووی قوربانیانی جینۆسایدەکانی کوردی نەکردووەتەوە، هەرجارە بەبیانوویەک دوای دەخات.
بۆ قڕکردنی کورد لە باشوری کوردستان رژێمی بەعس، چەندین کۆمەڵکوژی بەرامبەر گەلی کورد بەکاردەهێنا، لەوانە کیمیا بارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفالکردنی ژن، منداڵ، گەنج، پیر و پەککەوتەی کورد، بەشێوەیەکی دڕندانە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند “بەشێوەیەکی گشتی زەرەر و زیانەکانی کورد بەهەموو جینۆسایدەکانیەوە، کە لەلایەن رژێمی بەعسەوە بەرانبەری کراوە، زەرەر و زیانی ژینگەیی، ماددی و گیانی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەت هەمووی خەمڵانراوە و داومانتە دەست حکومەتی عێراق، لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە”.
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت “تا ئێستا بەدەنگەوە هاتنێک نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، حکومەتی عێراق هەرجارە بەبیانوویەک دوای دەخات، هیوادارین بەپێی دەستوری عێراق، زەرەر زیانەکانی هەرێمی کوردستان و قەرەبووی کەسوکاری سەر بەرزی شەهیدان لە بودجەی عێرقدا دەستەبەر بکرێت”.