نوچەنێت: تایبەت
پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەیەکی دیکەی پەرلەمانی عێراق بکرێت، بەڵام تائێستا هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە.
هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق تەنها یەک کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداوە، تیایدا چەند تەوەر و بڕگە و ماددەیەک گفتوگۆیان لەسەر کرا، تاکۆ ئێستا دیار نییە کەی کۆبوونەوەی تر دەکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، زانا رۆستایی، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان رایگەیاند “چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەیەکی دیکەی پەرلەمانی عێراق بکرێت، بەڵام تائێستا هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ کۆبوونەوەکە، تەنها ئەوە نەبێت سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی ئاگادارتان دەکەینەوە لە وادەی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان”.
رۆستایی ئاماژە بەوەدەکات، پەرلەمانی عێراق دەتوانێت تاکو ٣٠-٤-٢٠١٨، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامبدات لە دوای ئەو ماوەیە پشووی هاوینەی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات، لەو ماوەیەش دا پەرلەمان دەتوانێت داوای کۆبوونەوەی نائاسایی بکات بۆ بابەتێکی دیاریکراو.
پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵ رونیشیکردەوە، پەرلەمان دەتوانێت تاوەکو ٣٠-٦-٢٠١٨ دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت، مەگەر پێش ئەو ماوەیە کۆبوونەوەی پەرلەمانی تازە ئەنجامبدرێت.