نوچەنێت: تایبەت
پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، جارێ زووە بۆئەوەی هەڵسەنگاندن بکەین بۆ پێگەی کورد لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوو، رەنگە گۆڕانکاری بەسەر هاوکێشە سیاسییەکاندا بێت.
بڕیارە لە ٥-١٢-٢٠١٨ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەپێی پێشبنییە سیاسییەکانیش کورد لەم هەڵبژاردنە دەنگەکانی کەم دەکات، ئەوەش بەهۆی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو. هەروەها ناسەقامگیری دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی کورد ئاوارەی شارەکانی هەرێم بوون.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، تاریق گەردی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، لەبارەی داهاتوو ی کورد لە هەڵبژاردنەکان رایگەیاند “جارێ زووە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بکەین بۆ پێگەی کورد، لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، ئێستا کورد خاوەنی ٦٥ کورسی پەرلەمانییە، دیار نییە ئاخۆ ئەو کورسییانە زیاد دەبێت یان کەم، چونکە بەپێی ئاماژەکان رەنگە کەم بکات”.
تاریق گەردی گوتیشی “لەم خولەی پەرلەمان پێنج لایەنی سیاسی کورد هەبوون، بەڵام بۆ خولی داهاتوو لایەنی دیکەی کوردی بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن، کە تازە حزبیان دروستکردووە. هەروەها خەڵکی تر بەشێوەی سەربەخۆ بەشدارییان کردووە، رەنگە گۆڕانکاری بەسەر هاوکێشە سیاسییەکاندا بێت”.
گەردی ئاماژە بەگرنگی یەکگرتووی کورد دەکات و دەڵێت “لەهەموو کاتێکدا، یەکگرتووی کورد رۆڵی گرنگی دەبێت، هەر چەندە لایەنە سیاسییەکانی کورد بەهەموو ناو رەنگەکانیانەوە یەکگرتووبن لە بەغدا، ئەوەندە دەستکەوتی باشتر بەدەستدێن بۆ میللەتەکەیان”.