پارێزگاری سلێمانی: پاشەکەوت بۆ لە ١٨% کەمدەکرێتەوە

0

نوچەنێت

پارێزگاری سلێمانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەران رایگەیاند، پشتیوانی لە داوای رەوای خەڵک دەکەن، چاوەڕوانی حکومەتیش دەکەن، پابەندی بەڵێنەکانی بێت و داواش دەکات، تاوەکو دڵنیابوون لە سیستەمی نوێی مووچە‌، قوتابخانە و نەخۆشخانە و فەرمانگەکان بکرێنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەكان‌، بەڕێوەبەر و بەرپرسی فەرمانگەكانی پارێزگای سلێمانی و گفتوگۆكردن لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندان و  لایەنە سیاسییەكاندا، پەیامێکی ١٤ خاڵی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەدا هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەری خەزێنەكان کۆبووەتەوە و بەپێی رێنمایی نوێ لیستی موچە ئامادە دەكرێتەوە، دوای تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە لەماوەی ١٢ رۆژی دیکەدا خشتەی نوێی موچە بەو سیستمە نوێیە رادەگەیێندرێت. دەشڵێت “دەكرێت هەموو لایەكمان دەرفەتی دروستكردنەوەی متمانە بە حكومەت بدەین و بەوردی چاودێری جێبەجێبوونی كارنامەكە بكەین كە تیایدا مانگانە موچە بەم پەیڕەوە نوێیە دابەشدەكرێت”.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، لەكاتی جێبەجێكردنی بڕیاری پەرلەمانی عێراق تایبەت بە موچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، حكومەت ٤٠ ملیار دیناری دیکەی بۆ دەگەڕێتەوە و دەیخاتە سەر سیستەمی پاشەكەوت، بەوەش پاشەكەوت لە رێژەی ١٠٪ بۆ ٣٠٪ دەگۆڕێت بۆ ١٠٪ بۆ ١٨٪.


دەقی پەیامەکەی پارێزگاری سلێمانی:

بەناوی خودای مەزن و میهرەبان

پەیامێك بۆ رای گشتی و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

ئەمڕۆ ١-٤-٢٠١٨، بە ئامادەبوونی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و دوای كۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێزان بەڕێوەبەرە گشتییەكان‌و بەڕێوەبەرو بەرپرسی هەموو فەرمانگەكانی پارێزگای سلێمانی و گفتوگۆكردن لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان و لایەنە سیاسییەكاندا؛ ئەم پەیامە پێشكەش بە ڕای گشتیی و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكەین:

١. پشتیوانیی لە ماف و داوای رەوای خەڵك و مووچەخۆران و خانەنشینان دەكەین.

٢. سوپاسی ئەرك و هەوڵ و ماندوبوونی هەموو لایەك دەكەین بەتایبەتی خۆپیشاندەران كە وەك پارێزەری مافی رەوای خەڵك بەشێوەیەكی مەدەنیانە گوزارشتیان لە داواكانیان كردووە.

– سوپاسی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و چالاكییە مەدەنییەكان و پێشمەرگە دەكەین كە شیاوانە و بەرپرسانە پارێزگارییان لەخەڵك و سیستمی گشتیی و تەواوی چالاكییەكان كردووە و پارێزگاری راستەقینەی سەرو ماڵ و ئارامیی و ئاسایشی خەڵك و پارێزگاكەش بوون.

– سوپاسی هەموو فەرمانگە و دامودەزگاكانی پارێزگاكەمان دەكەین كە لەگەڵ سەختیی ژیان و نەبونی مووچە و خزمەتگوزاریی پێویستدا، بەردەوامبوون و تائەمڕۆ نەیانهێشتووە خزمەتگوزاریی و مامەڵەی رۆژانەی هاوڵاتیان بوەستێت.

٣. سیستمی پاشەكەوتی مووچە لەسەرەتاوە بۆ ئێستا بەكارێكی نایاسایی و ناڕەوا دەزانین و دەخوازین لە زووترین كاتدا كۆتاییپێبێت، وەك ئەنجوومەن و پارێزگاری سلێمانیش لە رابردوو ئێستاشدا ئەم پەیڕەوەمان رەتكردۆتەوە.

٤. هەر توندوتیژیی و بەریەككەوتنێك ڕەتدەكەینەوە، ئیدانەی هەر هەڵسوكەوت و لێدوانێكی نەشیاو و نابەرپرسانە و نایاسایی دەكەین لەلایەن هەر پایەو لایەن و كەسێكەوە بێت.

٥. ناشەفافیی و دەخالەتی حیزبیی و نەبوونی پلانی روون و زانستیی و دوورمەوداو دواتریش قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی دژی داعش و بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە، قەرزە ناقۆڵاكانی سەر حكومەت؛ سیستمی پاشەكەوتیان هێنایەكایەوەو بێمتمانەییان لەنێوان خەڵك و حكومەتدا دروستكرد، ئێستا كە هەموو ئەمانە بەپێی كارنامە و بەڵێنەكانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بەرەو چارەسەرو ئاساییبوونەوە دەڕۆن و ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەری خەزێنەكان كۆدەبێتەوە و بەپێی رێنمایی نوێ لیستی مووچە ئامادەدەكرێتەوە، دوای تەواوبوونی ئەم پڕۆسەیە لەماوەی 12 رۆژی تردا خشتەی نوێی مووچە بەم سیستمە نوێیە رادەگەیەنرێت، دەكرێت هەموو لایەكمان دەرفەتی دروستكردنەوەی متمانە بە حكومەت بدەین و بەوردی چاودێری جێبەجێبوونی كارنامەكە بكەین كە تیایدا مانگانە مووچە بەم پەیڕەوە نوێیە دابەشدەكرێت.

لەكاتی جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانیشدا حكومەت (٤٠) ملیار دیناری دیکەی بۆ دەگەڕێتەوە و دەیخاتە سەر سیستەمی پاشەكەوت، پاشەكەوت لە رێژەی ١٠٪ بۆ ٣٠٪ دەگۆڕێت بۆ ١٠٪ بۆ ١٨٪، ناوەڕۆكی ئەمەش بەفەرمی دەگاتە گشت دامودەزگاكان، دەخوازین حكومەتی ناوەندیش پابەندی تەواوی دابینكردنی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان بێت لە ئێستاو داهاتووشدا.

٦. هەر لێرەوە، داوا لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكەین:

أ‌- ‌پابەندبێت بەو كارنامەیەی بۆ دابینكردن و دابەشكردنی مووچە دیاریكردووە؛ تاوەکو رۆژی ١٢-٤-٢٠١٨.

ب- مووچەی كەمئەندام و چاودێریی خێزانیی وەك خۆی لێبكرێتەوە.

پ‌- قەرزی حكومەت لای لایەن و كۆمپانیاكان بەخێرایی وەربگیرێتەوە و موڵك و ماڵ و داهاتەكانی خۆی باشتر كۆبكاتەوە.

ت- ئەو بڕیار و رێنماییە نایاساییانەی لە رابردوودا دەرهەق بەهەندێك وەبەر‌هێن و كۆمپانیا بەدەر لە یاسا كردوونی، بخاتەوە سەر رێچكەی یاسایی خۆی.

ج- قەرزی سەر كۆمپانیا نەوتییەكان بەڕوونی؛ بە بڕ و ماوە و لایەن و هۆكاری قەرزەكانیش رابگەیەنێت.

ح- داهاتەكانی ناوخۆ و نەوتی تانكەر و هەر داهات و كۆمەكێكی ناوخۆیی یان دەرەكیی بەڕوونی رابگەیەنێت.

٧. هەموو لایەك دڵنیادەكەینەوە؛ كە هیچ بڕیار و فەرمانێك بۆ سزادانی مووچەخۆران لەئارادا نییە، هیچ دوورییەك لەنێوان داوای رەوای خەڵك و ئەركی بەرپرسانەی دەزگاكاندا نییە.

٨. لە ١٥/٤/٢٠١٨ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێدەكات، پێویستە هەموولایەك ئەم هەڵمەتە بكەینە هەڵمەتێكی نیشتمانیی بۆ بەهێزكردنەوەی پێگەی كوردستان لە عێراقدا و هەموولایەك پابەندبین بە هەڵمەتێكی مەدەنیانەی دوور لە توندووتیژیی.

٩. وەك لە ٥/٢/٢٠١٨دا پێمان ڕاگەیاندون؛ پێویستە هەموو دامودەزگا حكومییەكان بێلایەن بن لەم هەڵبژاردنەدا و هیچ سەرمایەیەكی مرۆیی ‌و ماڵی ‌و دارایی بۆ ئەم مەبەستە بەكارنەهێنن ‌و پابەندی یاسا و رێنماییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بن.

١٠. داوا لە میدیاكان دەكەین؛ بەشداربن لە پاراستنی یاسا، ئارامیی ‌و ئاسایش، ئازادییەكان، جیاوازییەكان و دەرفەتێكی لەبار بۆ هەڵبژاردنەكان بڕەخسێنن، رۆڵی خۆیان لە چەسپاندنی گوتاری نیشتمانیدا ببینن و چاودێری وردی پرۆسەكە و هەموو لایەك بن، لە خەمی پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتیی و سەرخستنی هەڵبژاردنەكاندا بن.

١١. داوا لە دامەزراوە و رێكخراوە مەدەنییەكان دەكەین رۆڵی خۆیان لە رێكخستنەوەی كۆمەڵایەتیی و دروستكردنی زەمینەی ئاسایش ‌و ئاشتیی كۆمەڵایەتیی ‌و چاودێریكردنی پرۆسەكەدا ببینن ‌و هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو بخەمڵێنن.

١٢. داوا لە خەڵكی كوردستان‌و پارێزگاكەمان دەكەین ئەوانەی خۆیان لە سیستمی بایۆمەتری هەڵبژاردندا تۆمار نەكردووە، خۆیان تۆماربكەن‌و بەشدارییەكی كارایانە لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن و هەر گۆڕانكارییەك كە دڵخوازی ئەوانە، لەڕێی هەڵبژاردنەكانەوە بێننەكایەوە.

١٣. داوا لە هەموو لایەن و لیست و قەوارە سیاسییەكان دەكەین؛ بە گیانێكی نیشتمانیانەی نوێوە، ئەم هەڵمەت و دۆخە بەڕێبكەن و وتارو ئیرادەو ئامانجە نیشتمانییەكان یەكبخەن و سەربخەن، دەرفەتێكی نوێ بۆ ئاشتبوونەوەو لەیەكترگەیشتنێكی نیشتمانییانە بڕەخسێنن و سندوقەكانی دەنگدان بكەنە سەنگی مەحەك بۆ هەر بەرنامەو خواست و هەوڵ و گۆڕانكارییەك.

١٤. وەك هەمیشە ئەركی خوێندن‌ و خزمەتگوزارییە گشتییەكان‌ و ئاسایش‌ و ئارامیی لەئەستۆی هەموواندایە، دەخوازین لەپێناوی دروستكردنەوەی متمانە و نەوەستانی ژیانی گشتیدا تا كاتی دڵنیابوون لە سیستەمی نوێ‌، خوێندنگا و نەخۆشخانە و تەواوی فەرمانگەكان بكەینەوە و بیانكەینە پێگەی چاودێریكردنی حكومەت‌ و پاراستنی داوا رەواكان و كاراكردنەوەی خزمەتگوزارییەكان، بەم شێوازە نوێیە درێژە بە هەر هەنگاوو چالاكیی و ناڕەزایەتییەكی مەدەنیانە بدەین.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی
١-٤-٢٠١٨

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com