نوچەنێت
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، پەکەکە بە ناوی جیاجیا خۆی لە ناوچەکە جێگیرکردووە و لەو بارەیەوە بەرپرسانی هەواڵگری تورکیا و عێراق لەبارەی شنگال کۆدەبنەوە. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت “ئەو یاریەی عێراق لە گەڵ تورکیا دەیکات زۆر کۆنە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شنگال رایگەیاند “بەداخەوە پەکەکە لەوەتەی هەبووە روئیا و ستراتیژیەتیکی کوردی نەبووە، ئێمە چەندین جار داوامان لێکرد لە شنگال نەمێنێ و کێشە دروست نەکات و چۆڵی بکات، بەڵام رەتیانکردۆتەوە”.
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، ناکرێت حزبێک بە رێنمایی ئێران و عێراق بجوڵێتەوە و گوێ لە سەرکردایەتی سیاسی کورد نەگرێت. کاتی خۆی، لە ساڵی ٢٠١٤ دوو ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دیناری پەکەکەم ئاشکرا کرد، کە ئێران لە رێگەی حەشدی شەعبییەوە بۆیانی ناردووە. بە بەڵگەش لەلامە.
لەبارەی هەڵوێستی هاوپەیمانان لەو بارەیەوە شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، پێشتر سەفیری ئەمریکا لە عێراق گەیشتە هەولێر و لەوێوە چوو لەگەڵیان قسەی کرد، چوونکە ئەوانیش دەیانزانی رنگە لە لایەن ئێرانەوە بەکاربهێنرێن.
فەهد حامد، كە پێشتر بەرپرسێكی دیاری پەكەكە بووە و ئێستا لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بە وەكالەت كراوەتە قائیمقامی قەزای شنگال، ئاماژەی بە رێككەوتنەكەی نێوان پەكەكە و بەغدا كردووە و گوتوویەتی “لەبەرامبەر مانەوەی هێزەكانی یەبەشە و دژە تیرۆری پەكەكە، كە حكومەتی عێراق بەنیازە نزیكەی 3 هەزار ئەندامی ئەو هێزانە بكاتە فەرمی،دوای ئەوەی پەکەکە شنگال چۆڵ بکات”.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو یاریەی عێڕاق لە گەڵ تورکیا دەیکات لە شنگال زۆر کۆنە، ئەمڕۆ پەکەکە خۆی نیوەی سەر بە میتە (دەزگای موخابەراتی تورکیا)، چونکە بەردەوام هەموو ئەو بوردوومانانە لە گوندەکان روودەدات، زانیارییەکان لەلایەن خودی پەکەکەوە پێیان دەدرێت. دەشڵێت “ئەوان لە شنگال تەنیان ئاڵاکانیان داگرتووە و ئەو کەسانەی خەڵکی ناوچەکە و کوردستانی باشورن لەوێ دانراون. هەر ئەو کاتیش بەرپرسانی تورکیا، چۆڵکردنی شنگالی لە لایەن پەکەکەوە رەتکردەوە”.