نوچەنێت
راوێژكارێکی سەرۆككۆماری توركیا، پێی وایە لە هەردوو ئۆپەراسیۆنی قەلغانی فورات و ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون لە عەفرین، ئەگەر هاوكاریی روسیا نەبوایە، توركیا نەیدەتوانی سەركەوتن بەدەستبهێنێت.
ئیلنوور چەڤیك، راوێژكاری سیاسی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (CNN) تورك، ئاشکرای کرد، كە ئەگەر روسیا ئاسمانی ئەلباب و عەفرینی بەرووی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا نەكردبایەتەوە، توركیا نەیدەتوانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیش لەو دوو شوێنە بفڕێنێت.
چەڤیك دەڵێت “روسیا دەیەوێت بۆ سەرۆككۆمارمان بیسەلمێنێ، كە دڵسۆزیەتی، بۆیە لە سوریا هاوكاریی باشی توركیا دەكات. ئەگەر بە من بڵێن چەند پلە دەدەیتە روسیا بەرامبەر بە توركیا، لەسەر رەوشی سوریا، 10 لەسەر 10ی دەدەمێ”. دەشڵێت، ئەگەر فڕۆكەی جەنگی نەبوایە، ئەستەم بوو توركیا لە شەڕی عەفیندا سەرکەوتوو بووایە.