عەبادی لەبەر ئەم هۆکارە ناوێرێ باسی پێشمەرگە بکات

0

نوچەنێت: تایبەت

رووداوەکانی کوشتن و رفاندنی خەڵک و هێرش بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان لە قەزای خورماتوو و دەوروبەری زیادیانکردووە. ئەندامێکی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت “ئەو ناوچانە بەبێ پێشمەرگە سەقامگیر نابێ”.  

لە رووداوەکانی ١٦ مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ـەوە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق قەزای خورماتوو و دەورووبەریان کۆنتڕۆڵکرد، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، ئەو هێزانە نەیانتوانیوە ناوچەکە لەڕووی ئەمنییەوە بەتەواوی بپارێزن.

لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندمی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتی، لەبارەی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان رایگەیاند “لەگەڵ کونسوڵی ئەمریکا و بەریتانیا، هەم لە بەغدا و هەم لە هەولێر، جەختم لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە ئەو ناوچانە بەبێ پێشمەرگە سەقامگیر نابێ و ناکرێ خەڵکی شارەزانی ناوچەکە چ ئاسایش و چ پێشمەرگە، لە ئێستادا لەدەرەوەی شارەکەن. لەکاتێکدا لەم ناوچانە پێشتر هەزاران پێشمەرگەی لێبووە، تاکو توانیویەتی پارێزگاری لێبکات و رووبەڕووی هێرشی رۆژانەی داعش ببێتەوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش بەرگری داوای لێکردم، کە هاوکاریمان لە مەلەفی ئەمنی ئەو ناوچانە لەگەڵیان هەمانبێ، بەڵام پێم گوت، هاوکاری و هاوبەشی لە پاراستنی ناوچەکە شتێکی دیکەیە، ئێمە هێزمان هەیە و دەبێ کاری هاوبەش چالاک بکرێتەوە، وەک پێش مانگی ٦ی ٢٠١٤. 

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، کە ئێستا حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە تەواوی لەگەڵ ئەوەیە، کە ئەو ناوچانە پێ ناپارێزێ و رەنگە لەدەستی بدەن. بۆیە پێویستیان بە پێشمەرگە هەیە، بەڵام ناوێرێت باسی پێشمەرگە بکات، لەبەر ئەوەی لەوانەیە بۆ لێدانی عەبادی لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە بەکاربهێنرێت. 

سەبارەت بە هەبوونی میکانیزمێک بۆ بەهاوبەشی ئیدارەدانی ناوچەجێناکۆکەکان شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، میکانیزمم پێشکەش کونسوڵی بەریتانیا کردووە، کە وەک پێشتر (٩-٦-٢٠١٤) ناوچەکان لەنێوان هێزە هاوبەشەکاندا دابەش بکرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی بەرگری دەڵێت، هاوپەیمانان لیوای یەک و دووی وەزارەتی پێشمەرگەیان، پێش هەموو لیواکانی هەرێم پڕ چەک کرد، لەبەر ئەوەی لیوای هاوبەش بوو، باشترین چەک و تەقەمەنی و ئۆتۆمبیلیان پێدان، بۆ پاراستنی کەرکوک بوو. بۆ یە ئەوانیش لەوڕووەوە پێیانخۆشە ئەو هێزە بچێتەوە ئەوێ. لەم کاتەدا هێزەکانی پێشمەرگە تاکو لەیان دەچنە پێش و بەشی خوارەوە، حەویجە و رەشاد و تا دەگاتە نزیک تازە، جەیشی عێراقی لێدەبێت لەگەڵ بارەگای سەرەکییان لە کەی وان (K1). 

شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەو میکانیزمەی، کە بە بەریتانییەکانم داوە، هەر لە شنگالەوە تاکو خانەقین لەخۆ دەگڕیت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com