نوچەنیت
بەپێی راگەێندراوێکی حەشدی شەعبی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هەڵمەتێکیان بۆ گەڕان و راودونانی پاشماوەکانی ئەندامانی داعش لە باشووری خورماتوو دەستپێکردووە.
لە رووداوەکانی ١٦ مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ـەوە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق قەزای خورماتوو و دەوروبەریان کۆنترۆڵکرد، بەڵام لەو کاتەوە تائێستا ئەو هێزانە نەیانتوانیوە ناوچەکە لەڕووی ئەمنییەوە بەتەواوی بپارێزن.
ئەمڕۆ شەممە ٣١-٣-٢٠١٨، حەشدی شەعبی راگەێندراوێکیان بڵاوکردووە و تییدا هاتووە، “کێوماڵی ناوچەی غەڕڕە، بۆ پاککردنەوەی لە داعشە لە ناوچەکە، کە تیایدا هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و کاردانەوەی خێرا و بەپاڵپشتی هێزی ئاسمانیی سوپا لە هەڵمەتەکەدا بەشدارن”.
بەپێی راگەێندراوەکە، لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا، داعشێك خۆی بە هێزەکانی حەشدی شەعبیدا دەتەقێنێتەوە، لەئەنجامدا سێ چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و ١١ چەکدار و سەربازی دیكەش لە حەشد و پۆلیسی فیدراڵی، بەرپەرچدانەوەی خێرا و سوپا برینداربوون.