کورد لە کوێی کێشەکانی نێوان ئەنقەرەو پاریسە؟

0

نوچەنێت

لە ماوەی دوو ڕۆژی  ڕابردوو گۆڕانکاری لە پەیوەندی سوریا هاتۆتە ئاراوە، کە بە لانی کەمەوە دەکرێ بگوترێ رووداو پیشهاتی نوێ لە پەیوەندی لەگەڵ ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد لە سوریای بەدواوە دەبێت.

دوو هەواڵ، دوو رووداو کە جێی تێڕامانن. یەکەم، بەیانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیوەندی لەگەڵ کشانەوەی هەرچی خێرای هێزەکانی ئەم وڵاتە لە سوریا. دووەم، دیدار و چاوپێکەوتنی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لەگەڵ شاندێکی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە کۆشکی ئەلیزە، رووداوێک لە چەشنی خۆیدا بێ وێنەیە.

هەر دوو رووداوەکە دەتوانێ لە سەر چارەنووس و داهاتووی ناوچە کوردییەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردی رۆژئاوا، شوێندانەر بێت.

کشانەوەی ئەمریکا لە مەنبەج و لە سوریا، بە گشتی دەتوانێ بۆ کورد سەرئیشەیەکی نوێی بەدواوە بێت، چونکە مانەوە و بوونی هێزی ئەمریکا لەم ناوچەیە تەنها فاکتەر و بەربەست بووە. لە بەردەم ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەر ئەم ناوچانە. تورکیا نایهەوێ لەگەڵ هاوپەیمانی خۆی واتا ئەمریکا بەرەوڕوو ببێتەوە، هەر بۆیە هیوای لەسەر جۆرێک رێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن هەڵچنیوە، بە جۆرێک کە چاوەرێ دەکات بێ سەرئیشە و بە تێچووەیەکی کەمەوە پەلاماری ئەم هەرێمە بدات.

بەڵام رووداوی دووەم، کە تووڕەیی و کاردانەوەی توندی تورکیای بەدواوە بوو، دیدار و کۆبوونەوەی سەرۆکی فەڕەنسا لەگەڵ فەرماندە کوردەکانی هێزەکانی  سوریای دیموکراتی بوو لە پاریس.

تورکیا رایگەیاند، کە ماکرۆن لە سەر مێزێک لەگەڵ تیرۆریستان دانیشتووە و وەک بەکر بۆزداغ، جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا دەڵێت، بە دوور نییە کە هێزەکانی سوپای فەڕەنسا لە لایەن هێزی سەربازی وڵاتەکەی بکرێنە ئامانج، ئەگەر بێتو فەڕەنسا هێز ڕەوانەی ناوچە کێشە لەسەرەکان بکات.

دوابەدوای هۆشداری و هەڕەشەی توندی تورکیا، پاریس وەک روونکردنەوە رایگەیاند، کە نایهەوێ لە دەرەوەی چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش جووڵە بە هێزەکانی خۆی بکات. بە پێی راپۆرتی ڕادیۆ فەڕەنسا، شەو و ڕۆژی رابردوو تەنگژە و ئاڵۆزی نێوان ئەنقەرە و پاریس قوڵ بۆتەوە.

ئەمرە دێنیز، هەواڵنێری بەشی سیاسی بە ڕادیۆ فەڕەنسای گوتووە، بڵاوبوونەوەی هەواڵی دیداری ماکرۆن و شاندی هێزەکانی سوریای دیموکراتی بۆ تورکەکان شۆکهێنەر بووە، چونکە تورکیا لە دوای ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەڵمانیا، پاریسی وەک جێگرەوە و بژاردەی دووەم لەبەرچاو گرتبوو و رووداوەکانی ڕۆژی ڕابردوو دەتوانێ ململانێی توندتر لە  پەیوەندییە سەربازییەکانی تورکیا و ئەوروپا بەدوای خۆیدا بهێنێ.

ژەنەڕاڵ دومینیک ترینکاد، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی فەڕەنسا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی گۆڕینی هەڵوێستی ئەرێنی فەڕەنسا سەبارەت کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، ئەمە پیشان دەدات کە فەڕەنسا دەیهەوێ رۆڵێکی کاراترو چالاکتر لە سوریا بگێڕێ.

ئەم بەرپرسە سەربازیەی فەرەنسا پێیوایە، فەڕەنسا دەتوانێ ببێتە رێگر لە بەردەم فراوانخوازییەکانی تورکیا لە سوریا و هەر ئێستاش ئەم بەربەستە لەبەردەم ئەنقەرە دروست بووە. فەڕەنسا ٦ ساڵ لە پانتایی سیاسی سوریا بە دوور بووە، بەڵام ئێستا دەیهەوێ بە سەرنجدان بە دۆخی ئاڵۆزی ئەم وڵاتە، رۆڵێکی چالاکتر و دیاریکەر ببینێت. بێگومان ئامادەبوونی فەڕەنسا شوێندانەر دەبێت.

ترینکاد دەشڵێت، بە وردی دەزانێ کە هاوکات بوونی لێدوانەکانی سەرۆکی فەڕەنسا  وهەوڵەکانی پاریس بۆ نزیک بوونەوە لە کوردەکان، پلانێکی پێشوەختە و پلان بۆ داڕێژراو بێت.

ویلیام جۆردەن، دبلۆماتکاری پێشووی ئەمریکا لە پاریس بۆچوونێکی جیاوازی هەیە. جۆردەن پێیوایە، بڕیاری کۆشكی ئەلیزێ بۆ ناردنی هێزی سەربازی بۆ سوریا، زۆرتر پڕ کردنەوەی بۆشایی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لەم وڵاتە، هەر چەندە پاریس بە بەراورد لەگەڵ ئەمریکا توانای ئاراستەکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعشی لە سوریا نییە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە یاداشتێکدا، گۆڕانکارییەکانی ڕۆژی ڕابردوو بە خاڵی وەرچەرخان لە  ئاڵۆزی و ناکۆکی تورکیا لەگەڵ هاوپەیمانانی ڕۆژئاوایی خۆی وەسف دەکات و گریمانە دەکات، ئەم ناکۆکیانە تا دێ زیاتر و بەرینتر دەبنەوە.

کەناڵی هەواڵی جەزیرە لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا، گۆڕانکارییەکانی سوریا بە زیانی تورکیا وەسف دەکات و هاوکاری فەڕەنسا بۆ کوردەکانی سوری، بە تابۆیەک وەسف دەکات کە تورکیا لێی نیگەرانە، بەڵام تورکیا سەرباری ئەم هاوکاریانە چیتر نایهەوێ لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ڕۆژئاوا پاریس و دژکردەوەی ئەنقەرە بە مەترسیەک بۆ سەر داهاتووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، وەسف دەکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com