ئەندامێکی دیکەی حدکا تیرۆرکرا

0

نوچەنێت

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ئەندامێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە قەزای سۆران تەقەی لێدەکرێت و گیان لە دەستدەدات.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە ١-٣-٢٠١٨، لە شارۆچکەی بنەسڵاوە لە هەولێر، بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە، بەهۆیەوە دوو کەس، کە کوڕ و باوک بوون و پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێران (حدکا) بوون برینداربوون. دوای ماوەیەک لە نەخۆشخانە و بەهۆی سەختی برینەکەی یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا. 
 
هەروەها رۆژی ٧-٣-٢٠١٨، کادیر و یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) بەناوی (قادر قادری) لە ناوچەی بالیسانی باشووری کوردستان تەقەی لێکرا و کوژرا.
 
دواتر حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) لە راگەیێندراوێکدا تۆمەتی کوشتنی قادر قادری خستە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران. زانیاریشی لەبارەی چۆنییەتی کوژرانی ئاشکراکردووە و رایگەیاندووە: “قادر قادری بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی بە سەردانێک چووبووە ناوچەی بالیسان – چوارقوڕنە، درەنگانی شەو دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و تیرۆرکراوە”. دواتر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایان کرد پێنج کەسیان لە تۆمەتباران دەسبەسەر کراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان “بەرەبەیانی رۆژی هەینی ٣٠-٣-٢٠١٨، هێرش کراوەتە سەر ئەندامێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بەناوی ئەحمەد میر ئەحمەدی ناسراو بە (ئەحمەد ئێرانی) و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات”.
 ئەحمەد ئێرانی خەڵکی نەغەدەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی شارۆچکەی دارەتووە لە هەولێر، ئەو بەسەردان چووەتە سۆران و لەوێ هێرشی چەکداری کراوەتە سەر و گیانی لەدەستداوە”.
لەبارەی رووداوەکە، ھاوار ئەرگوشی، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە (رووداو)ی راگەیاندووە “ئەحمەد میر ئەحمەدی بردراوەتە پزیشکی دادی لە سۆران و ئاسەواری چەند گوللەیەک بە جەستەیەوە دیارە”.

 ئەحمەد میر ئەحمەدی  لە ساڵی ١٩٦٤ لە دایکبووە، بەگوتەی کەسوکارەکەی ٤٠ ساڵ ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بووە و سێ جار لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە زیندانی کراوە. 
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com