وەزارەتی تەندروستی لەسەر بایکۆتی فەرمانبەرانی هەڵوێستی خۆی راگەیاند

0

نوچەنێت: تایبەت

لەدوای راگەیاندنی بڕیاری چاکسازی لە سیستەمی پاشەکەوتکردنی موچە، لە نەخۆشخانەکانی هەولێر دەوام دەستیپێکردەوە، بەڵام لە سلێمانی بایکۆت بەردەوامە. پزیشكان و کارمەندانی تەندروستی، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن، پاشەکەوتکردنی موچە رەتدەکەنەوە و لە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوامدەبن. گوتەبێژەی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت “لە هەوڵداین بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەین، تاکو هاوڵاتیان زیانیان پێ نەگات”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. خالس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بایکۆتی فەرمانبەرانی تەندروستی رایگەیاند “بەشێک لە فەرمانبەرانی تەندروستی تا ئەمڕۆش بایکۆتی دەوامیان کردووە، بەڵام دەوامیش هەبووە لە نەخۆشخانەکان و هیچ یەک لە نەخۆشخانە فریاکەوتنەکان یان نەخۆشخانەی دڵ، دانەخراوە و نەمبیستووە هیچ بنکەیەکی تەندروستی بەهۆی بایکۆتەوە داخرابێت.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سلێمانی ژمارەیەک کارمەند و پزیشک دەوامیان نەکردووە، بەڵام بارودۆخەکە بەرەو باشتربوون چووە، دوای ئەو راگەیاندنەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کەمکردنەوەی رێژەیەکی باشی پاشەکەوت.

خالس قادر ئەوشی خستەڕووـ و گوتی، کە ئێمەش داوامان کرد پاشەکەوتی موچە بەتەواوەتی هەڵبگیریەت، بەڵام وادیارە نەتوانراوە بە تەواوەتی پاشەکەوتەکە لابدرێ، بەڵام هەنگاوێکی گرنگە لە داهاتوودا بە تەواوی پاشەکەوتەکە هەڵبگیردرێت. هەروەها لە هەوڵداین بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەین، تاکو هاوڵاتیان زیانیان پێ نەگات، بەهۆی بایکۆتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاند “داوای ئێمە لە پزیشکان و کارمەندن ئەوەیە، کە چۆن لە رابردوودا کاریان کردووە و موچەکانیشان کەم بووە و لەدۆخێکی زۆر خراپدا بوون، بەڵام بەردەوام بوون لە کارەکانیان، پێویستە بەگەڕێنەوە دەوام و سوریش بن لەسەر داواکانیان، کە مافێکی رەوای خۆیانە. وەک وەزارەتی تەندروستی بەردەوام دەبین لەسەر دابین کردنی موچە تاکو سەدا سەدی موچە بۆ پزیشکان و کارمەندان و هەموو فەرمانبەرەکان وەردەگیریێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com