نوچەنێت:تایبەت
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە بابەتێکی یاساییە. حکومەتی هەرێم داوای زیاد کردنی ئەو بەشە پارەی کردووە، بۆ ئەوەی بەتەواوی سیستەمی پاشەکەوتی موچە نەمێنێت.
رۆژی چوار شەممە ٢٩-٣-٢٠١٨ دوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاری لەسیستەمی پاشکەوتی موچەدا رایگەیاند، گۆڕانکارییەکەش لەسەر بنەمای زیادبوونی داهات بوو، بەجۆرێک کە بەشێکی داهاتەکە لەرێگەی فرۆشتنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و بەشێکی داهاتی ناوخۆ، بەشێکی دیکەشی لەڕێگەی ئەو پارەی بەغدا، مانگانە رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، تارق گەردی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی، لە لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بەردەوامی ناردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێم رایگەیاند”لە سیاسەتدا گرنتی نییە، بەڵام ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە بابەتێکی یاسایی و دەستوریی یە و لە چوار چێوەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لەسەردراوە”.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی پارتی، ئەوەشیخستەڕوو”کە سیستەمی پاشەکەوتی موچە، گۆڕانکاری گەورەی تێدا کراوە و ئێستا رێژەیەکی کەمی لێ پاشەکەوت دەکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە، ئەو بەشە پارەی مانگانە بەغدا رەوانەی دەکات زیاتری بکات بۆ ئەوەی بەتەواوی سیستەمی پاشەکەوتی موچە نەمێنێت”.
سەبارەت بەدەنگۆی بڕیاری دەستکاریکردنی پاشەکەوتی موچە بۆماوەی دوومانگە تارق گەردی گوتی”ئەم قسانە، بۆ خۆشکرنی بازاڕی خۆیان و بانگەشەی هەڵبژاردنی سیاسین. حیزبە رکابەرەکان لە هەرێمی کوردستان یان لەبەغدا، وەکو کارتێکی سیاسی بەکاری دێنن بەرامبەر حکومەتی هەرێم”.
دەشڵێت”حکومەتی هەرێم، دەزگایەکی فەرمی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی کوردستانە و پەرلەمانیش نوێنەرایەتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات، تاکو هەڵبژاردنی داهاتوو، بۆیە دەستوری عێراقیش دانی بەو کیانە سیاسییەدا ناوە و- وڵاتانی دونیاش مامەڵەی لەگەڵ دەکەن”.