نوچەنێت
ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکوک رایدەگەیەنێت، عێراق تا پێبکرێت ناهێڵێت پێشمەرگە بچێتەوە ناوچەجێناکۆکەکان و دەشڵێت “لەماوەی ٤٨ کاتژمێری رابردوو هەشت هێرشی چەکداری گروپەکانی داعش هەبووە لە سنووری پارێزگای کەرکوک”.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ناوچەکێشەلەسەرەکان، جموجۆڵی چەکدارانی داعش دەستیپێکردووە، بەتایبەت لەسنوری پارێزگای کەرکوک، بەهۆی بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکە و نەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو سنوورانە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەروە.
د. محەمەد خورشید، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکوک، لەبارەی جموجۆڵ و مەترسییەکانی داعش لە سنوری کەرکوک رایگەیاند: عێراق تا پێبکرێت ناهێڵێت پێشمەرگە بچێتەوە ناوچەجێناکۆکەکان، ئێمە وەک کورد دەبێ ئەم ڕاستییە بزانین و دڵمان بە هەندێک لێداون خۆش نەبێت. واقعێک هەیە، کە ئەوان بە هێز و بەزۆر و بە خیانەتی نێوخۆیی خۆمان، هێزاکانی عێراق گەڕاونەتەوە ئەو ناوچانە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی، ئەوەی ئاشکرا کرد، کە لەماوەی ٤٨ کاتژمێری رابردوو هەشت هێرشی چەکداری گروپەکانی داعش هەبووە لە سنووری پارێزگای کەرکوک، واتا ئەوان نایانهەوێ چالاکیان فراوان بکەن، بەڵکو چالاکییان فراوان بووە و بڵاون لە سنوورەکە. گوتیشی “لە ٤٨ کاتژمێری رابردوو، چالاکییان لە گوندی حوتان کردووە، کە دەکەوێتە نێوان کەرکوک و خورماتوو”.
محەمەد خوشید دەڵێت، مەترسییەکی گەورە لەسەر کەرکوک هەیە و تائێشتاش کۆنتڕۆڵی سنووری حەویجە نەکراوە. و هێزەکانی عێراقی، تەنیا لە سەنتەری شار و شارۆچکەکان جێگیرکراون.
لەبارەی کشانەوەی هێزە عێراقییەکان لەو ناوچانە محەمەد خورشید گوتی “هێزی عێراقی لە هیچ شوێنێک نەکشاونەتەوە، بەڵکو ئەو هێزانەی عێراق بەگشتی بە سنووری حەویجە تێپەڕیون بۆ ئەوەی بێن بۆ ئەو خیانەتەی لە ١٦ ئۆکتۆبەر روویدا جێبەجێ بکەن. واتا ئەو ناوچانە هێزە عێراقییەکان تەنیا پێدا تێپەڕێوە، نەک هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دابێ”.