نوچەنێت: تایبەت
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨-٣-٢٠١٧، هێزێکی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، کە چەند رۆژێکە چوونەتە شنگال و دەیانەوێت بچنە نێو مەزارگەی شەرفەدین، بەڵام پێشمەرگە رێگرییان لێدەکەن. قایمقامی شنگالیش دەڵێت “هیچ قبوڵکراو نییە و نە ئایینی ئێزدی قبوڵی دەکات و نە هێزی پێشمەرگە”.
مەزارگەی شەرفەدین شوێنێکی پیرۆزی کوردانی ئێزدییە و سیمبوولی بەرگریکردنیشە، چونکە لەکاتی هێرشی داعش لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤، تاوەکو پێش کۆنتڕۆڵکردنەوەی، داعش دەیان جار هێرشیکردە سەر مەزارەکە، بەڵام جەنگاوەرانی کوردی ئێزدی بەرگرییان لێکرد و نەیانهیشت بکەوێتە دەستی داعش.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال، لەبارەی هاتنی سوپای عێراق و ملیشیاکان بۆ مەزارگەی شەرەفەدین، رایگەیاند، ئەو هێزەی پێشمەرگە لە شەرەفەدینن هەموویان ئێزیدین و زیاتر لە هەشت هەزار کەسن، ئەوان شنگالیان رزگار کرد و زیاتر لە ٦٠٠شەهیدیان بۆ رزگارکردنی بەخشیوە.
قایمقامی شنگال ئەوە خستەڕوو، کە ئەگەر ئەوان بێن و دەستدرێژی بکەنە سەر شوێنە پیرۆزەکان هیچ قبوڵکراو نییە و نە ئایینی ئێزدی قبوڵی دەکات و نە هێزی پێشمەرگە. ئەوان بەشێوەیەکی تائیفی دێن. دەشڵێت “لایەنی پەیوەندیدار لە بەغدا بەڵێنیان داوە، رێگری بکەن لەو هێزانە”.
مەحما خەلیل بە ئاماژەدان بە یاسای عێراقی دەڵێت، لە ماددەی ١٠ی دەستووری عێراقیدا هاتووە پێرۆزییە ئایینییەکان، دەتوانرێ لە لایەن پەیڕەوانییەوە بپارێزرێ. بۆیە یاسا رێگە بە ئەو هێزانە نادات.