نوچەنێت
لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێ، چوار دەیە لە ژیانی سیاسیی کۆماری ئیسلامی ئێران تێدەپەرێ. سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی ئێران لەم چوار دەیە، پڕە لە هەوارز و نشێوی سیاسیی و ئابووری.
شارەزایان و چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە ساڵی نوێ، ساڵێک دەبێ پڕ لە قەیران و تەنگژەی ئابووری و سیاسیی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.
لەم راپۆرتەدا فۆکۆس لە سەر کێشە و تەنگژەکانی بەردەم ئێران لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا دەکرێ و لە سێ بەشدا تاوتوێ دەکرێت.
بەشی یەکەم: گەمارۆکان
بەشی دووەم: ململانێی تاران و وڵاتانی عەرەبی
بەشی سێیەم: یەمەن و سوریا
گەمارۆکان
دوای ١٢ ساڵ لە پێداگری ئێران لە سەر بەرنامەی ئەتۆمیەکەی، کۆماری ئیسلامی سەرئەنجام نەرمی و سازانی لە خۆی نیشاندا و ملی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی کەچ کرد، لە لایەک ئێران ڕاکێشی سەر مێزی دانوستان کراو و وەک رابەری ئێران دەڵێت لەگەڵ شەیتانی گەورە (ئەمریکا)، کەوتە دانوستانەوە و ئامانجی سەرەکیش، هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران بوو لە لایەن ئەمریکاوە، بەرامبەر بەم روانگەی، نیازی ئیدارەی باراک ئۆباما، گۆڕینی رەفتاری ئێران بوو، وەک بانگەشەیان بۆ دەکرد، دوورخستنەوەى تاران بوو لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی.
بەم دوو دیدەوە، دوو لایەن بە ئامانجی جیاواز چوونە سەر مێزی دانوستان و لە ئەنجامدا گەیشتنە رێککەوتن. بە هاتنی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کۆشکی سپی، هاوکێشەکان گۆڕدران. سەرۆکی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئەمریکا، هەر لە سەرەتاوە رێککەوتنی ئەتۆمی بە مامەڵەی خراپی ئیدارەی ئۆباما لەگەڵ ئێرانییەکان وەسف کرد. ئاماژەکان دەڵێن سەرۆکی ئەمریکا لە داهاتوویەکی نە چەندان دوور، یەک لایەنە رێککەوتنەکە هەڵدەوەشێنێتەوە. لەم حاڵەتەدا کۆی ئەو گەمارۆیانەی، کە بە هۆی رێککەوتنەکەوە هەڵپەسێردرابوون، جارێکى دیکە بە سەر ئەم وڵاتەدا دەسەپێندرێتەوە. گریمانەی دووەم، هەموارکردنەوەی رێککەوتنەکەیە، بابەتێک کە دڵخوازی ئەوروپییەکانی وەک لایەنێکی ئەم رێککەوتنە. ئەگەر ئەم حاڵەتەش رووبدات، پێناچی ئەمریکا وەک چۆن دەڵێن بە دڵ پابەندی رێککەوتنەکە بمێنێتەوە و هاوکات لەگەڵ هەموارکردنی، کۆمەڵێک پرسی دیکە دەخاتە سەر مێزی دانوستان و ئێران ڕاکێشی دۆخێکی نوێ دەکەن.
دوو پرسی گرنگ، کە ڕای ئەوروپییەکانیشی لە سەر سیاسەتی ناوچەیی ئێران و بەرنامەی موشەکی ئێران دوو بابەتی جددی، کە هەم ئەمریکا و هەمیش ئەوروپییەکان لە سەری کۆکن و بگرە زیاتر لە واشنتۆن پێداگیری لە سەر دەکەن. سێ وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، لەم بارەیەوە پێشەنگن و داوایان لە ترمپ کردووە بەرامبەر بە پاراستن و هێشتنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، گوشارەکانی سەر ئێران زیاتر بکەن، ئەویش بە چەکی گەمارۆ و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش. هەر چۆنێک بێت کەم و زۆر گوشارەکانی سەر ئێران لە هەر دوو حاڵەتدا زیاتر و زیاتر دەبن.
لە ئەگەرى کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە، تۆپ دەکەوێتە زەمینی ئێران، یان ئەوەی، کە ئەویش لای خۆیەوە رێککەوتنەکە هەڵبووەشێنێتەوە یان قەناعەت بە سووکە پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئەوروپییەکان بکات، تاکو ململانێی ئێران و ئەمریکا نەبێتە ململانێی ئێران و یەکێتی ئەوروپا.
ئەمە هەموو داستانەکە نییە. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دڵنیایی تەواوی داوەتە سەرۆکی ئەمریکا لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پەیمانەکە، ئێران کاردانەوەی جددی نابێ. ئەمە لە کاتێکدایە، کە گەمارۆکانی سەر ئێران تەنها پەیوەستی بەرنامەی ئەتۆمی ئەم وڵاتە نییە. ساڵی ڕابردوو لە کاتێکدا کۆتایی پێهات، کە بەرنامەی موشەکی ئێران لە لایەن ئەوروپییەکانەوە خرایە ڕۆژەڤەوە. ئەمریکا و ڕۆژئاواییەکان لە دوو رەهەندەوە نیگەرانی بەرنامەی موشەکی ئێرانن، لە لایەک هەڕەشەکانی تاران بۆ سەر ئیسرائیل و لە لایەکی دیکەوە مەترسییەکانی ئەم بەرنامەیە بۆ سەر سعودیە، وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی ڕۆژئاوا لە ناوچەکە.
سەرباری ئەم دوو جۆرە لە گەمارۆکان، دوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری خەڵکی ئێران لە دژی رژێمەکە، ئەمریکا کەیسی سەرکوتی ناڕازیان و خەڵکی خۆپیشاندەری بردە ئەنجوومەنی ئاسایش. ئەگەر چی ئەم هەوڵەی ئەمریکا دەستکەوتێکی بەرچاوی نەبووە، بەڵام ناکرێ ئەو ڕاستییە نادیدە بگرین، کە ئەمریکا داوی بۆ ئێران نایەوە، تاکو بکەوێتە بۆسەی گەمارۆکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤەوە.
پەیوەندی ئێران و وڵاتانی عەرەبی
دۆخی پەیوەندییەکانی تاران و جیهانی عەرەبی، لەم وێنەیە دەخوێندرێتەوە. لە پچڕان و داخستنی پەیوەندی لەگەڵ سعودیە، بەحرێن، یەمەن، میسر و سودانەوە بگرە و تا تەنگژەی سیاسیی و دیبلۆماسی تاران لەگەڵ وڵاتانی ئیمارات، کوێت و ئوردن و زۆریەک لە وڵاتانی دیکەی عەرەبی.
ئاماژەیەکی روون بۆ ئەم تەنگژەیە، راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی لووتکەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی بوو لە ١٣هەمین دانیشتنی خۆیدا، کە حزبوڵڵای لوبنانی لەگەڵ داعش، وەک دوو رێکخراوی تیرۆریستی وەسف کرد و ئێرانی وەک گەورەترین سپۆنسەری تیرۆریزم ناوبرد لە ئاستی جیهاندا. لە لایەکی دیکەوە، جێگری یەکەمی شای سعودیە، ئێرانی وێڕای سوریا و حزبوڵڵا و حوسییەکانی بە تەوەری شەڕ و فیتنە وەسف کردووە. بن سەلمان، بەراوردی کەسایەتی عەلی خامنەیی، رابەری ئێران بە ئەدۆڵف هیتلەر سەرکردەى نازییەکانی ئەڵمانیا دەکات و دەڵێت: دەرسمان لە مێژووی ئەوروپا وەرگرتووە، نەرمی نواندن هیچ ئەنجامێکی نییە. ئێمە نامانەوێ هیتلەرێکی نوێ لە ئێران سەرهەڵبدات و کارەسات و رووداوەکانی ئەڵمانیای نازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە بکاتەوە.
زەلکاوی سوریا و یەمەن
ئەگەر چی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی ئێران و سەرۆکی رژێمی سوریا، مەترسی کەوتنی لە سەر کەم بووەتەوە، بەڵام تا جێگیربوونەوەی دەسەڵاتەکەی، مەودایەکی زۆری لە سەر رێیە. بەشار ئەسەدی ئێستا، شتێکە و جێگربوونەوەی سەر لەنوێی دەسەڵاتەکەی شتێکی دیکەوە. رەنگە باشترین وەسف بۆ دۆخی ئێستا و داهاتووی سوریا، شوبهاندنی ئەم وڵاتە بێت بە ئەفغانستانێکی دیکە، دوای ٤٠ ساڵ، هێشتا رووی ئارامی بە خۆوە نەبینیوە.
سەرباری ئەوەی، کە سێ گۆشەی ئێران-تورکیا –رووسیا، لە سەر سوریا لە دانوستاندان، بەڵام گەلێک دژوارە بەم زووانە ئەنجامێکی دڵخۆشکەری بەدواوە بێت. ئەمە لە کاتێکدایە، کە دۆخی نالەباری ژیانی خەڵکی ئێران و ئابووری تێکشکاو و رووخاوی ئێران، تا دێ تێچوویەکی زۆرتر لە شەڕی سوریا دەخاتە سەر دەست و شانی ئەم وڵاتە.
ئەگەرچی لە سوریا، بەشار ئەسەدی هاوپەیمان و دۆستی ئێران، لە لایەن رووسیاوە پاڵپشتی دەکرێ، بەڵام لە یەمەن موتڵەقەن هیچ وڵاتێکی دیکە پشتیوانی لە حوسییەکانی یەمەن و بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای ئەم وڵاتە ناکات، بێجگە لە ئێران نەبێت. دەستڕاگەیشتنی حوسییەکان بە چەک و موشەکی ئێرانی و دواجار کردنە ئامانجی خاکی سعودیە، تا دێ دۆخەکە مەترسیدارتر دەکات. ئەگەر ڤیتۆی مۆسکۆ نەبوایە، بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، سەبارەت بە پڕچەککردنی حوسییەکان لە لایەن ئێڕانەوە، دەرگایەیەکی نوێی لە قەیرانی سیاسیی و سەربازی و ئابووری بەڕووی ئێراندا دەکرایەوە.
ساڵی نوێ لە کاتێکدا دەستپێدەکات، کە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەم سێ رەهەندەوە لەگەڵ تەنگژە و قەیران بەرەوڕوویە.