نوچەنێت
ئەندمێکی سەرکردایەتی پارتی رایدەگەیەنێت، بێجگە لە پارتی و یەکگرتوو هیچ لایەنێکی دیکە ئامادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نین. دەشڵێت “ئەو لایەنانەی ئامادە نین ترسیان لەو رەوشەیە، کە تێی کەوتوون”.
لە رۆژی ٢٥-١٠-٢٠١٧، پەرلەمانی کوردستان تەمەنی خۆی بۆ ماوەی هەشت مانگ درێژ کردەوە و رایانگەیاند، ئامانجی دواخستنی هەڵبژاردن، ئەوەیە کۆمیسیۆن خۆی باشتر ئامادە بکات، بەو ئومێدەوە لەڕووی سەربازی و سیاسی و داراییەوە هەرێمی کوردستانیش بچێتە دۆخێکی باشترەوە و ئینجا هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت. بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان هەندێک لایەن ئامادەییان تێدا نییە خۆیان بۆ پرۆسەکە ئامادە بکەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگاى ھەڵەبجە لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئامادەنەبوونی لایەنەکان رایگەیاند “تەمەنی پەرلەمان درێژکراوەتە و دەرفەت لەبەردەمدا نییە و دەبێ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام لایەنەکان جگە لە پارتی و ئا ئەندازەیەکیش یەکگرتوو، ئەوانی دیکە هیچیان ئامادەی هەڵبژاردن نییە.
بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگاى ھەڵەبجە دەڵێت، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شپرزبوونی ئەو لایەنانە بۆ هەڵبژاردن، چونکە ترسیان لە کورتهێنانی دەنگەکانیان، دەنگدەرەکانیان و ئەو رەوشە هەیە، کە تێکەوتوون.
فازڵ بەشارەتی هیوادارە ئەو لایەنانە فرمێشکی تیمساحی بۆ خەڵک دەڕێژن و ئامادەییان نییە بێنە پێشەوە و گوتی “بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە کوردستان بکرێ و کۆتایی بەو کاری ئاژاوەگێڕییە بهێنرێ، کە بەردەوام لەناو چین توێژەکانی کوردستاندا دەیگێڕن”.