نوچەنێت-ئاژانسەکان
زیاتر لە سەد بەرپرسی سەربازی و دبلۆماتکاری ئەمریکا لە بەشی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، لە نامەیەکدا بۆسەرۆکی ئەم وڵاتە، داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەکەن، رێککەوتنی ئەتۆمی هەڵنەوەشێنێتەوە.
رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزی ئەمریکی دەڵێت، ژمارەیەک لە بەرپرسانی پیشوو- و شارەزایانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، کە نزیکەی ٥٠ جەنەڕاڵی خانەنشین و چوار باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئیسرایل لە خۆدەگرێ، ئەم نامەیەیان ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا کردووە.
بەشێکی بەرچاو لەم کەسانە، کە واژۆیان لە سەر ئەم نامەیە کردووە، کۆماریخواز و هاوحزبی دۆناڵد ترەمپن.
ئێران و شەش وڵاتی زلهێزی جیهان، کە بریتین لە ئەمریکا، چین، روسیا، فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا ،١٤ی جونەی ٢٠١٥، لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، کە بە رێککەوتنی ئەتۆمی دەناسرێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئەم رێککەوتنەی بە خراپترین رێککەوتنی مێژووی ئەمریکا وەسف کردووە و بەڵێنی دا، یەک لایەنە هەڵیبوەشێنێتەوە.
ئیدارەی ترەمپ پێێ وایە، ئەم رێککەوتنە نابێتە بەربەست لەبەردەم ئێران بۆ گەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی و بگرە دەستی ئێرانی بۆ سیاسەتی تێکدەرانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاوەڵا کردووە.