نوچەنێت
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، داوا لە لایەنە سیاسییەکان و هاووڵاتیان و پاڵێوراوان و لایەنگرانیان دەکەین، لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردن، پابەندی رێنماییەكانی كۆمسیۆن بن.
لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا، پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەدەچێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا بانگەشەی هەڵىژاردن دەست پێدەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، راگەێندراوێکی بڵاوکردۆتەوە. تێیدا جەخت لەسەر پاراستنى مافى پاڵێوراوان و لیست و لایەنە سیاسییەکانى کوردستانى و عێراقى دەکات، کە بە فەرمى لە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان تۆمار کراون، هەر پالێوراوێک و لیستێکى هەڵبژاردن یان لایەنى سیاسى، لەکاتى روودانى هەر دەستدرێژییەك لە هەر لایەکەوە بۆى هەیە سەردانى لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات.
بەپێی راگەێندراوەکە، پێویستە گشت فەرمانگەکانى حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان، هەماهەنگى تەواو لەگەڵ کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن و، کار بۆ بەڕێوەچوونى پرۆسەى بانگەشە و ئەنجامدانى هەڵبژاردن بەپێى بنەماکانى مافى مرۆڤ و پاراستنى مافى دەنگدەران و پاڵێوراوان و هاووڵاتیان، بکەن.
هەروەها دەڵێت، پێویستە پرۆسەى بانگەشەى هەڵبژاردن بە گیانى یەکتر قبوڵکردن و رێزگرتن لە راى بەرامبەر و رەچاوى بنەماکانى مافى ئازادى رادەبرین بەڕێوە بچێت. هەموو لایەنەکان خۆیان لە هەر جۆرە توندوتیژى و ناوزڕاندن و کارى نایاسایى بەدووربگرن.