داهاتووی وزەی عێراق لە هەرێمی كوردستانە

0

نوچەنێت: روداو

لە 15 ساڵی رابردوودا تاكە كەرتی عێراق كە گەشەسەندنی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە كەرتی وزە بووە، هەر ئەو كەرتەش دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە مەیدانی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. بەگوێرەی راپۆرتێكی پەیمانگەی واشنتن، لە چەند ساڵی داهاتوودا پیشەسازیی نەوت و غازی عێراق دوو سیناریۆی لەبەردەمە كە یەكێكیان كەرتی نەوتی عێراق رادەستی ئێران دەكات و ئەوەی دیكەیان عێراق دەكات بە رێگەیەكی سەرەكی لە نێوان وڵاتانی كەنداو، توركیا و ئەوروپا، بەرژەوەندیی ستراتیژی ئەمریكاش لە وەدیهاتنی سیناریۆی دووەمدایە.

گەشەی خێرای كەرتی وزەی عێراق

مانگی رابردوو لە كۆنفرانسی “نەوتی عێراق” لە بەرلین ئاماژە بۆ ئەوە كرا كە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە 2017دا گەیشتووەتە پێنج ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا. جیا لەمەش عێراق پلانی ئەوەی هەیە دەست بە پڕۆژەی دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت لە دەریاش بكات و یەكەمجار ئاستی بەرهەمهێنان بۆ حەوت ملیۆن و دواتریش بۆ نۆ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبكاتەوە.

عێراق یەدەكێكی گەورەی غازی سروشتیشی هەیە كە 16 ملیار مەتر سێجای بەفیڕۆ دەچێت. بەڵام پلانی هەیە تاوەكو ساڵی 2021 بە تەواوەتی رێگە لەو بەفیڕۆچوونە بگرێت و وەكو سەرچاوەیەكی پاكتر، هەرزانتر و بەسوودتر بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا كەڵكی لێوەربگرێت. بە گوێرەی راپۆرتەكەی پەیمانگای واشنتن، ئەگەر عێراق ئەو پڕۆژە غازییەی خۆی سەربخات، دەتوانێت ببێتە رێڕەوی گواستنەوەی غاز لە نێوان توركیا، ئێران، سووریا، ئوردن و سعودیە.

كوردستان و نەوتی كەركووك

جەیمز جێفری، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق و توركیا و مایكڵ نایتس، شارەزای كاروباری عێراق كە ئەو راپۆرتەیان ئامادە كردووە، پێیانوایە كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان گەورەترین بەربەستن لەبەردەم ئەو پلانانە، لەبەرئەوەی كێڵگەكانی ئەو ناوچەیە دەكەونە زۆنێك كە بە “كێشە لەسەر” ناسراوە، بەڵام ئەم كێشەیە دەتوانێت ئێران و توركیا بهێنێتە سەر خەت و ئەمریكاش هەندێكجار وەكوو نێوەندگیر بەشداری كێشەكەیە.

كێشەی سەرچاوەكانی وزە لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ كاتی پەسەندكردنی دەستووری عێراق لە 2005 دەگەڕێتەوە. بەپێی دەستوور، حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی بەرچاوی لە دۆزینەوە و پەرەپێدانی كێڵگەی نوێی نەوت لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەبێت، بەڵام هەر بەپێی دەستووری عێراق، مافی بازاڕدۆزی بۆ نەوتی هەموو ناوچەكانی عێراق بۆ كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی كە بە (سۆمۆ) ناسراوە، دەگەڕێتەوە. ناكۆكیی نێوان بەغدا و هەولێر لەبارەی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان داناوە.

لە ماوەی سێ ساڵی هەڕەشەكانی داعشدا، كەركووك و كێڵگەكانی لەژێر كۆنتڕۆڵ و چاودێری حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بوون، بەڵام لەگەڵ تێكشكانی داعش، هێزە عێراقییەكان گشتپرسییەكەی 25ی ئەیلول و بێدەنگیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییان وەكوو هەلێك بۆ هێرشكردنە سەر كەركووك بەكارهێنا. ئێستاش كێشەی سەرەكیی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا ئەوەیە نەوتی كەركووك چۆن هەناردە بكرێت و كێ بازاڕ بۆ نەوتی كەركووك لە بەندەری جەیهان بدۆزێتەوە.

كەركووك و هاوبەشەكانی عێراق لە بواری وزەدا

بەگوێرەی راپۆرتی پەیمانگا ئەمریكییەكە، سێ وڵات بەرژەوەندیی گەورەیان بەستراوەتەوە بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداوە سەبارەت بە نەوتی كەركووك، ئەوانیش بریتین لە رووسیا، توركیا و ئێران.

رووسیا: كۆمپانیای روسنێفت سێ‌ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە كەرتی وزەی هەرێمی كوردستاندا كردووە. بەپێی رێككەوتنەكەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا رووسییەكە، خاوەندارێتی بەشێك لەو بۆڕییە نەوتەی لە كەركووكەوە بەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا دەڕوات، بۆ كۆمپانیا رووسییەكە دەبێت. ئەو بۆڕییە نەوتی كەركووك بە بەندەری جەیهان لە توركیا دەبەستێتەوە.

توركیا: لە گەرمەی رووداوەكانی دوای گشتپرسی سەربەخۆیی كوردستاندا حكومەتی توركیا ئامادە نەبوو ناردنی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان رابگرێت. توركیا ئامادە نییە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان رادەستی عێراق بكاتەوە، چونكە پێیوایە عێراق دەبێ یەكەمجار قەرزە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بە توركیا بداتەوە، هەروەها داواش دەكات بەغدا ئەو سكاڵایە بكێشێتەوە كە بەهۆی بۆڕیی نەوتی نێوان كوردستان و توركیا ـ تۆماری كردووە.

راپۆرتەكەی پەیمانگای واشنتن ئەوەش دەخاتەڕوو كە بەرژەندیی بازرگانیی توركیا لەوەدایە دەسەڵاتێكی ئۆتۆنۆمی لە باكووری عێراق هەبێت، وەكو چۆن چاوی لەسەر هەناردەی غازی سروشتیی هەرێمی كوردستانیشە كە بڕیارە لەگەڵ تەواوبوونیدا بە توركیادا بڕوات.

بەڵام وەكو لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی بۆ دەكرێت، توركیا بەرژەوەندییەكی گەورەشی لە عێراقدا هەیە، چونكە عێراقێكی سەقامگیر دەتوانێت بازاڕێكی گەورە بێت بۆ كاڵا توركییەكان، جیا لەمەش لە كۆنفرانسی مانگی رابردووی ئاوەدانكردنەوەی عێراقدا كە لە كوێت بەڕێوەچوو، توركیا بەڵێنی دا پێنج ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق تەرخان بكات.

ئێران: كۆماری ئیسلامیی ئێران هەر ئێستاش كارەبا و غازی سروشتی بە نرخێكی بەرزتر لە بازاڕەكان بە عێراق دەفرۆشێت. تاران هەروەها چاوی لەسەر ئەوەشە نەوتی كەركووك بە بۆڕییەكی نەوتی بۆ ئێران بگوازێتەوە، ئێستا حكومەتی عێراق هەوڵدەدات بە تانكەر بەشێك لە نەوتی كەركووك بۆ ئێران بگوازێتەوە، بەڵام سەرهەڵدانەوەی پاشماوەكانی داعش كێشەی بۆ ئەم هەوڵە دروستكردووە.

پەیمانگای واشنتن جەخت لەوە دەكاتەوە كە بڕیاری حكومەتی عێراق لەبارەی نەوتی كەركووك بایەخێكی جیۆستراتیژی زۆریشی هەیە، لەبەر ئەوەی ئەگەر حكومەتی زۆرینە شیعەی عێراق بڕیار بدات نەوتی كەركووك رەوانەی ئێران بكات، بەو هەنگاوە لەلایەكەوە خۆی لە ململانێ ناوچەییەكانی نێوان بەرەی شیعە و سوننە تێوەگلاندووە و لەلایەكی دیكەشەوە گورزێكی گەورەی لە توركیا و هیوای ئەو وڵاتە بە عێراقی داهاتوو داوە.

ئەمریكا چی پێدەكرێت؟

ئامادەكارانی راپۆرتەكە پێیانوایە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەسەركردایەتی ئەمریكا دەبێت رێگری بكەن لەوەی ئێران سەركەوتنێكی دیكە تۆمار بكات. بۆ ئەم مەبەستەش ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەبێت لە دوای هەڵبژاردنەكانی مانگی ئایار وردەكاریی رێككەوتنێكی هەناردەكردن و دابەشكردنی داهاتی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا ئامادە بكەن.

بەپێی راپۆرتەكە ئێران هەوڵدەدات لە رێگەی عێراقەوە غازی سروشتیی خۆی بۆ سووریا بگوازێتەوە، پەیوەندیی دوولایەنەی وزە لە نێوان ئێران و عێراقیش دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندیی بەغدا بە بازاڕە ئازادەكان و سەرمایەی نێودەوڵەتی كەم ببێتەوە.

جێفری و نایتس جەخت لەوە دەكەنەوە كە واشنتن دەبێ نفوزی خۆی بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی “كۆریدەری باكوورـ باشوور” بكرێتەوە، بەهۆی ئەو رێڕەوەش عێراق دەبێت بە گوێزەرەوەی نەوت لە نێوان وڵاتانی كەنداو و توركیا و دواجاریش ئەوروپا. ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت جۆرێك لە سەربەخۆییش بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە، تاوەكو بۆ گواستنەوەی سەرچاوەكانی وزە هێندە پشت بە ئێران و گەرووی هورمز نەبەستێت. جیا لەمە ئەمریكا دەتوانێت پشتگیری لە پڕۆژەی گواستنەوەی نەوت و غازی عێراق بۆ ئوردن بكات كە بە پڕۆژەی “بەسرە ـ حەدیسەـ عەقەبە” ناسراوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com