دیندار زێباری، لە بارەی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران رونکردنەوەدەدات

0

نوچەنێت

لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە و دەستگیرکردنی ژمارەیەک خۆپیشاندەر لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی چەند رێکخراوێک دەداتەوە.

دوای ئەوەی فەرمانبەرانی هەردوو-وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە، بەمەبەستی نەمانی سیستەمی پاشەکەوتی موچە، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.  لەهەندێ شوێن گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە.

دکتۆر دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی دەداتەوە رایگەیاند، بەپێى یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان، خۆپیشاندان مافێکى یاسایى و دەستورییە. بۆیە هەر خۆپیشاندانێک لە هەرێمى کوردستان ئەنجامبدرێت. پێویستە مۆڵەتی بۆ وەربگیرێت بۆ ئەنجامدانی. لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دەیان خۆپیشاندانی جیاجیا لە کوردستان لەلایەن، قوتابیان، مامۆستایان، رۆژنامەنوسان، بەڵێندەران و چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە، ئەنجامدراون. دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتیش ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندانەکانیان ئەنجامداوە. تەنانەت زۆرجار مافی دامودەزگا و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان پێشێلکراوە.

لەبارەی دروستبوونی گرژییەکانی دوورۆژی رابردوو، دیندار زێباری دەڵێت، لەو خۆپیشاندانانەدا چەند لایەنێکی سیاسی، هەوڵیانداوە سود لە داوا رەواکانی خەڵک بەتایبەتی چینی مامۆستایان وەربگرن و خۆپیشاندانی مامۆستایان بۆ مەبەستی سیاسی بە لاڕێدا ببەن. هەرچەندە کەسانێکی گێرەشێوێن خۆیان خزاندبووە نێو خۆپیشاندەران بۆ ئیستفزازکردنی لایەنە ئەمنییەکان بە جنێودان و قسەی ناشیرین، تەنانەت ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەر بە چەند لایەنێکی سیاسی لە نێو خۆپیشاندەران ئامادەبوون و، بە وشەی نەشیاو و هوتافکێشان و بەرزکردنەوەی درووشمی هاندان بۆ ئەنجامدانی تووندووتیژی، خۆیان وەکو نوێنەری مامۆستایان ناساند، بەڵام خودی خۆپیشاندەران رازی نەبوون بەم رەفتارانە و ئاگاداریان کردبوونەوە، کە پێویستە لە پەرلەمان بەرگری لە خەڵک بکەن، بەتایبەتی بە دەرکردنی یاساکان، نەک لێرە هەوڵبدەن ناڕەزایی خەڵک بۆ مەرامی سیاسی بقۆزنەوە. سەرەڕای ئەمەش دەزگا ئەمنییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ کردوون بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکە لە مەبەستی سەرەکی خۆی دوورنەکەوێتەوە.

لە بارەی دەستگیرکردنی ژمارەیەک خۆپیشاندەر لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە، دیندار زێباری رایگەیاند، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون. بە تۆمەتی ئەوەی کە کاری تێکدەرانەیان ئەنجامداوە دراونەتە دادگا، خودی خۆپیشاندانەکەش مۆڵەتی یاسایی نەبووە، تەنانەت بەشێک لە خۆپیشاندەران هێرشیان کردووەتە سەر کارمەندێکی پۆلیس و بە چەقۆ برینداریان کردووە، ئێستا ئەم کارمەندە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسە تۆمار کردووە، چونکە ئەو کەسەی هانیداوە بۆ لێدانی سەر بە لایەنێکی سیاسی بووە، ئەوەی لێشیداوە سەر بە لایەنێکی سیاسی دیکە بووە، کە ئەوانیش ناسراون، بەڵام تائێستا هیچ سکاڵایەک لەسەر هێزە ئەمنییەکان تۆمارنەکراوە لەلایەن هیچ کەسێکەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com