نوچەنێت: تایبەت
بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ رایدەگەیەنێت، هیچ بیانوویەک بۆ تورکیا نەماوەتەوە تا هێرش بکاتە سەر شنگال. دەشڵێت “یەبەشە لەلایەن بەغداوە هاوکاری دەکرێن و خەڵکی ناوچەکەن”.
ماوەیەکە تورکیا هەڕەشەی هێرش بۆ سەر پەکەکە لە شنگال و قەندیل لە باشووری کوردستان دەکات، رۆژی هەیینی پەکەکە لە راگەیەندراوێکدا کشانەوەی لە شنگال راگەیاند، بەڵام یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، رەتیدەکاتەوە لە شنگال بکشێتەوە.
یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) لە رێگەی گوتەبێژەکەیەوە رایگەیاند، ئەوان هێزێکی عێراقی یاسایین و گوێش بە هەڕەشەکانی تورکیا نادەن و دەڵێت “عێراق هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر شنگال نەکردووە و ئەوان لە شنگال دەمێننەوە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سەعید مەموزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ، (وەک بۆچوونی تایبەتی خۆی) لەبارەی ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر شنگال رایگەیاند، بەچۆڵکردنی شنگال لەلایەن پەکەکەوە هیچ بیانوویەک بۆ تورکیا نەماوەتەوە تا هێرش بکاتە سەر شنگال. هەروەها ئەو ناوچەیە ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵی عێراقدایە.
سەعید مەموزینی پێیوایە، کە هێرش بۆ سەر وڵاتێکی دیکە ئاسان نابێت و پێویستە بە ئاشتیانە کێشەکان چارەسەر بکرێت. چونکە شنگال وەک قەندیل و عەفرین نییە و لەهەمان کاتدا پەکەکە لەوناوچەیە کشاوەتەوە.
لەبارەی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)وە مەموزینی دەڵێت “راستە یەبەشە سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)-یە، بەڵام لە خەڵکی ناوچەکە پێکهێنراوە و پارە و خۆراکیان و زۆر بابەتی تر لە لایەن حکومەتی بەغداوە بۆیان تەرخان دەکرێت”.