نوچەنێت
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، هەندێک بەرپرسی حزبەکەی لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکاندا لە پەکەکە، پەکەکە ترن. دەشڵێت “تەحەدا دەکەم بۆ یەکجار ئەندامێکی پەکەکە، وێنەیەکی مام جەلال یان ئاڵای یەکێتی بەرز کردبێتەوە”.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە پێشتر بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری دەرکراوی یەکێتی لە ئەنقەرە، نامەیەکی ئاراستەی سەرکردایەتی حزبەکەی کردبوو و داوای کردبوو، سنوورێک بۆ لێدوانی ئەو بەرپرسانەی حزبەکەیان دابنێن، کە بەهۆیانەوە مەترسی لەسەر یەکێتی دروستبووە.
رێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لە نووسینێکیدا، کە بە ناوی (ئێمە و جمهوریەتی تورکیا و پەکەکە) لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاند “لە سەردەمی جەلال تاڵەبانیدا، هاوکاریی لایەنە کوردستانییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیان کردووە، هاوکات هاوسەنگی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ تورکیا ڕاگیراوە”.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئەوە وەبیر سەرکردەکانی حزبەکەی دەهێنێتەوە و دەڵێت ”پێویستە هەموو لایەکمان بزانین، ئێمە بەشێکین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسیارێتی ئیداری و بەڕێوەبردنی خەڵک و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیانمان لەئەستۆیە“.
رێباز بێرکۆتی لە بەشێكی تری نوسینەکەیدا دەپرسێت، برایانی پەکەکە چەند حورمەتی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان یان بەرژەوەندییەکانیان لەبەرچاو گرتووە؟ بزانە چەند لەسەر قاعیدەی یەکێتی کار دەکەن، بگرە لە ڕووی سەربازیشدا لە زۆر شوێن خزاونەتە خاڵی گرنگ و هەستیار، بە چ هەقێک گوند و دێهات پاوان دەکەن و باج و سەرانە لە خەڵکی بەشمەینەت وەردەگرن؟“.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی پێیوایە، کە جێگەی داخە، کە هەندێک بەرپرسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، “خۆیان لەبیر دەکەن” و لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکاندا لە پەکەکە، پەکەکەترن و لە بۆنەکاندا جل و ئاڵا و وێنەکانیان بەرز دەکەنەوە. دەشڵێت ”تەحەدا دەکەم بۆ یەکجار ئەندامێکی پەکەکە وێنەیەکی مام جەلال یان ئاڵای یەکێتی بەرز کردبێتەوە، لە ڕووداوەکاندا هیچ ئیعتیبار بۆ یەکێتی دانانێن”.
بێرکۆتی داوا دەکات، کە “موراهیقە سیاسییە بێ ئەزموون و کورتبینەکان بوەستێنن، ئەگەر پێتان دەکرێت”، بەپێویستی دەزانێت وانە لە ئەزموونەکانی ڕابردوو وەربگرن و گوتی “نوێنەرەکەمان لە ئەنقەرە شاربەدەر کرا، هێڵی ئاسمانیی سلێمانی – ئیستەنبوڵ وەستا، ڕۆڵەکانمان خەڵتان خوێن کران، حزبەکەی تاڵەبانی تۆمەتبار کرا، ئەوانە و زۆر شتی تریش هەن”.