نوچەنیت: تایبەت
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ناکرێت هێزە ئەمنییەکان بەو شێوازە مامەڵە بەرانبەر مامۆستایان بکەن و بە هەموو شێوەیەک ئەو هێرشە ئیدانە دەکەین. دەشڵێت “بۆ لابردنی پاشەکەوتی موچە چاوەڕوانی بەڵێنی حکومەت دەکەین”.
رۆژی یەکشەممە ٢٥-٣-٢٠١٨، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە مامۆستایان و فەرمانبەران لە هەولێریش خۆپیشاندانیان کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەیان کرد، بەڵام گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەبدولواحید محەمەد حاجی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، لەبارەی خۆپیشاندانی مامۆستایان و توندوتیژییەکان بەرانبەریان رایگەیاند، کاتێک مامۆستایان گردبوونەوە و خۆپیشاندان دەکەن، مافی خۆیانە، بەڵام بەداخەوە بینیمان ئەو دیمەنە ناخهەژێنە بەرانبەر مامۆستایان کرا. بۆیە بۆیە ناکرێت هێزە ئەمنییەکان بەو شێوازە مامەڵە بەرانبەر مامۆستایان بکەن و بە هەموو شێوەیەک ئەو هێرشە ئیدانە دەکەین.
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کە لەگەڵ وەزیری پەروەردە قسەمان کردووە، کە هەڵوێستەی لەسەر بکرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونی بۆ بکەن و سزای ئەنجامدەرانی ئەو کردەوەیە بدەن. گوتیشی “حکومەت بەڵێنی پێداوین پێداچوونەوە بە پاشەکەوتی موچەدا دەکات و لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا کاری لەسەر دەکات. ئێمەش چاوەڕوانی ئەوە بەڵێنەی حکومەت دەکەین”.
عەبدولواحید محەمەد دەڵێت، وەک یەکێتی مامۆستایان لە بەیاننامەیەکدا ناڕەزایەتی دەردەبڕین و ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین. هەروەها بەشێکی بەیاننامەکەشمان ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی دەکەین، کە دەبێ بەهەر شێوەیەک بێت رێگری لەو جۆرە هەڵسوکەوتانە بکرێت، چونکە لە راستیدا هەموو ئەو بنەمایانەی پێشتر شاباشی بۆ کرا، وەک دیموکراسییەت و مافی مرۆڤ، دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
لەبارەی بەشداری لایەنە سیاسیەکان و خۆخزاندنە نێو خۆپیشاندانی مامۆستایان عەبدولواحید مەحەمەد گوتی، هەڵوێستمان بەرانبەر بە ئەوانیش دەبێ و پێمانخۆشە ئەم گردبوونەوە و خۆپیشاندانە مەدەنیانە، هەرگیز بە لاڕێدا نەبردرێت و دەستە واژەی تەشهیرکردنی تێدا بەکار نەهێنرێت. هەروەها لایەنە سیاسییەکان لێبگەڕێن تا ئەم گردبوونەوانە بەشێوەیەکی مەدەنیانە بەڕێوەبچێت بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، نەک بە ئاراستەیەکی دیکە بگۆڕدرێت و خەڵکی دیکە سودی لێوەربگرێت.