نێچیرڤان بارزانی بڕیارێکی گرنگی دەرکرد

0

نوچەنێت

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی رێگەگرتن لە وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک بە نایاسایی لە هاونیشتمانیان، لەبارەی بازگە نایاساییەکان بڕیارێکی دەرکرد و چوار خاڵی راگەیاند.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی رێگەگرتن لە وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک بە نایاسایی لە هاونیشتمانیان، لەبارەی بازگە نایاساییەکان بڕیارێکی دەرکرد.

بڕیارەک چوار خاڵ لەخۆدەگرێت و یەکەمیان بریتییە لە: نابێت هیچ کەس و لایەنێک لەژێر هیچ ناو و پاساو و بیانووێک هیچ بازگەیەکی ناقانوونی دابنێت، یان هیچ بڕە پارەیەک بە ناقانوونی لە هاوڵاتیان وەربگرێت، جگە لەو بڕە پارەیەی وەزارەت و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان لەبەر رۆشنایی یاسا و پەیڕەو و رێنماییە بەرکارەکان وەریدەگرن، دواتریش داهاتیان بەپێی پسوولەی فەرمی دەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی.

بڕیارەکە ژمارە ١٤٠ەو رۆژی ٢٥ی ئادار دەرچووە و واژۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بەسەرەوەیە، لە دووەم خاڵیدا هاتووە: لەکاتی سەرپێچیکردنی هاتوو لە بڕگەی (١)ی سەرەوە، ئەوا سەرپێچیکار رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە و راستەوخۆ رەوانەی دادگای تایبەت دەکرێت بۆ لێپرسینەوە و سزادان بەپێی یاسا، سەرەڕای پابەندکردنی گەڕانەوەی هەر بڕە پارەیەک کە بە سەرپێچی لە بڕگەکانی ئەم بڕیارە وەردەگیرێت.

لە خاڵی سێیەمدا داوا لە هاونیشتمانیان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە لەکاتی هەبوونی هەر سەرپێچییەک لە بڕگەکانی ئەم بڕیارە، هیچ پارەیەک نەدەن بە سەرپێچیکاران، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ئاگاداربکەنەوە و بەڵگەی پێویستیان بخەنە بەردەست.

لە خاڵی کۆتاییشدا جەختکراوەتەوە کە وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش بە هەماهەنگی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکی، بڕگەکانی ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکەن.

دەقی بڕیارەکە:

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com