حکومەتی هەرێم بڕیارێکی گرنگی لە بارەی موچەوە دا

0

نوچەنێت: روداو

حكومەتی هەرێمی كوردستان ،دواجار بڕیاری دا دەستكاریی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بكات، بەڵام ئەو بەڵێنەی گرێداوە بەئومێدێكەوە كە لە بەغداوە دێت “ئەگەر بەغدا مانگانە بەردەوام بێت لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە كە 317 ملیار  و 540 ملیۆن و 465 هەزار دینارە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ داهاتی نەوت و ناوخۆ، دەستكاریی پاشەكەوتی مووچە دەكات”. ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ “سەرۆكوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە ئەو بڕە پارەیە مانگانە بنێرێ”.

رۆژی 25/3/2018 لە هەرچوار پارێزگاكەی باشووری كوردستان خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی مامۆستایان و كارمەندانی تەندروستی و بەشێك لە فەرمانبەران بەڕێوەچوو. خۆپیشاندەران داوایانكرد پاشەكەوت لەسەر مووچەكانیان هەڵبگیرێ، هەر ئەوەشیان كردە مەرجی دەوامكردن. خۆپیشاندانەكان لە كاتێكدابوون كە ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەدا بوو بۆ ئەوەی رێوشوێنی چاوخشاندنەوە بە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران تاوتوێ بكەن.

د.فرسەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، باسی كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گاز دەكات و پێیوایە دۆخەكە لەوە زیاتر هەڵناگرێ و دەبێ حكومەت هەرچی زووە بژێویی فەرمانبەران باشتر بكات “بەڵام بڕیاری ئاشكراكردنی هەموو سەرچاوەكانی داهات لەلایەن حكومەتەوە، بڕیارێكی زۆر گرنگە و ئیدی دەبێ خەڵك تێبگەن كە حكومەت چەندی دەستدەكەوێ و چۆن خەرجی دەكات”.

دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنەكە، حكومەت راگەیەنراوێكی دەركرد و رایگەیاند “وەك ‌بەر لە جەژنی نەورۆز بڕیارمان دابوو كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەسەر پاشەكەوتی مووچە بكرێ‌، ئەمڕۆ 25/3/2018 كۆبوونەوەیەك ئەنجامدرا….. ئەگەر بەغدا مانگانە بەردەوام بێت لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەی كە 317 ملیار و 540 ملیۆن و 465 هەزار دینارە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ دەستكاریی پاشەكەوتی مووچە دەكات بە جۆرێك كە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بێت”.

بەپێی راگەیەنراوەكە، وەزارەتی دارایی راسپێردراوە لە رۆژانی داهاتوودا بەپێی داهات خشتەی نوێی مووچە ئامادە بكات بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت تاوەكو مووچەی داهاتوو بەو خشتە نوێیە دابەش بكرێ‌.

مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، بەپێی كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ حەیدەر عەبادی و گفتوگۆكردنمان لەگەڵی، بەپێی ئەو لێدوانانەی رۆژانە دەیدات “بەغدا مانگانە ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات”. ناوبراو هەروەها دەڵێ  “317 ملیار دینارەكە، بەلای بەغداوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە و لە كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەش حەیدەر عەبادی گوتی، ئەگەر دەست بە ناردنی پارەی مووچە بكەم بۆ هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبم لەسەری”.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، رەتیدەكاتەوە ئەوەی بەغدا ناردوویەتی بودجە و پشكی هەرێمی كوردستان بێت ” ئەوە تەنیا مووچەی فەرمانبەرانە و ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەكەین كە مانگانە ئەو پارەیە رەوانە بكات”.

بەڵام عوسمان گوڵپی ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی، دەڵێ ئەوان كێشەیان لەگەڵ بەڵێنەكان هەیە و ئەزموونەكانی رابردوو لەبارەی زۆر بەڵێندانەوە متمانەی بۆ نەهێشتوون “ئەوەی حكومەت رایگەیاندووە هێشتا لای ئێمە وەك بەڵێن سەیر دەكرێ و كێشەكە ئەوەیە ئێمەش متمانەمان بە بەڵێن و بەڵێنەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەماوە”.

خۆپیشاندان و بایكۆتی مامۆستایانی ناڕازی، وەك ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی باسیدەكات بەردەوام دەبێ تاوەكو ئەوكاتەی بەڵێنەكەی حكومەت دەبێتە كردار. گوڵپی گوتی “ئەگەر شێوازی گۆڕانكارییەكان لە پاشەكەوتی مووچە بە جۆرێك بێت لە بەرژەوەندی خەڵك بێت، بێگومان كاریگەریی لەسەر مامۆستایان و فەرمانبەران دەبێ بایكۆت بشكێنن، بەمەرجێك لە كاتی خۆیدا مانگانە دابەش بكرێ”.

رەسول رازی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ” خەرجكردنی مووچە، مافێكی رەوای فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە، ئەركێكی ئەخلاقیی حكومەتی ئیتیحادییە، پێویستە لەسەری خەرجی بكات، ئەم بابەتە نابێت تێكەڵ بە پرسی سیاسی بكرێت”.

بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا :”بەهۆی پەسەند نەكردنی بودجە بەتەواوی، حكومەتی عێراقی كاری بە خەرجكردنی یەك لەسەر دوازدەی بودجەی كردووە، بەڵام بەدڵنییایەوە بەردەوام دەبێت لە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و وردبینیكردن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com