نوچەنێت:تایبەت
بەپرسی دەستەی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایانی دهۆک رایدەگەیەنێت، نامانەوێت هیچ کاندێکی پەرلەمان و کەسیێکی سیاسی بێنە ناو خۆپیشاندانەکان، چونکە ئەوان ئێمەیان گەیاندە ئەم ئاستە.
رۆژی یەك شەممە ٢٥-٣-٢٠١٨ مامۆستایان و كارمەندانی تەندروستی لە ھەولێر، دهۆک و سلێمانی، دژی پاشەكەوتی مووچە گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، لەناو خۆپیشا ندانەکانیش ژمارەیەک پەرلەمانتار و کەسایەتی سیاسی دروشمی سیاسی و ئاینی یان دەگوتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، بەدەل بەرواری بەپرسی دەستەی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایانی ناڕازی لە پارێزگای دهۆک، رایگەیاند”لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی مامۆستایانی دهۆک، رێگەمان نەدا بە هیچ پەرلەمانتارو کەسێکی سیاسی و هیچ حیزب و لایەنێک بێنەناو خۆپیشاندانەکان. ئەوانەی بەشدار بوون لەگردبوونەوەکە تەنها مامۆستایان بوون، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگەیان نەدا گردبوونەوەکە بەتەواوی بەڕێوەبچێت و پەیامی کۆتایی خۆمان سەبارەت بەبایکۆت رابگەیەنین”.
لەبارەی بەشداریکردنی پەرلەمانتار و کەسانی سیاسی لەخۆپیشاندانی مامۆستا و فەرمانبەران، بەدەل بەرواری گوتی”من لەگەڵ ئەوەنیم هیچ کاندێکی پەرلەمان و کەسیێکی سیاسی و هیچ حیزبێک، بێنەناو خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران، چونکە ئەو کاندیدانە هەرئەوانەن، کە ٢٧ ساڵە حکومی ئێمەدەکەن و لەپەرلەمان یاسا لەبەرژەوەندی خۆیان دەردەکەن. تاکو گەیاندیانینە ئەم ئاستە”.
بەپرسی دەستەی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان لە دهۆک، داواش دەکات مامۆستایان و فەرمانبەران بەردەوام بن لەئەنجامدانی خۆپیشاندانی هێمنانەی شارستانی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان، هەروەها دەڵێت”ئەگەر حکومەتی هەرێم، ناتوانێت کێشەی فەرمانبەران چارەسەربکات. باحکومەتی عێراقی چارەسەری بکات”.