نوچەنێت
لەدوای ئۆپەراسیۆنی چڵەزەیتون و داگیرکردنی عەفرین لەلایەن سوپای تورکیا وە، گروپەکانی هاوپەیمانی لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا و تورکیا، فشارەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانەی پەکەکەی لێیە فراوانتر کردووە و ئەردۆغان دەڵێت، دوای عەفرین هێرشدەکەنە سەر منبج، کۆبانێ و قامشلۆ. شەوێکیش لەناکاو دەچینە شنگال و پەکەکە لەوێ دەردەکەین. تورکیا بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە هاوکاری لەگەڵ بەغدا هەیە، بەڵام عێراق هۆشداری دەیە ئەو وڵاتە و رایگەیاند “دەبێ هێزەکانی لە عێراق بکێشێنێتەوە”.
پەکەکە لە شنگال
شنگال ٥٠ کیلۆمەتر لە سنوری سوریا و لە باشوری پارێزگای دهۆک هەڵکەوتووە و ١٢٠ کیلۆمەتر لە شاری موسڵەوە دوورە. شارەکە و ناوچەکانی دەورووبەری بەشێکن لە پارێزگای نەینەوا، بەپێی دەستووری ٢٠٠٥ی عێراق، شنگال یەکێک لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە. لە ساڵی ٢٠٠٣شەوە تاوەکو ٢٠١٤ بەشێوەیەکی دیفاکتۆ لەژێر دەسەڵات و چاودێری حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بوو.
دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد و دواتر پەلاماری باشووری کوردستانیان دا‌و بەرەبەیانی ڕۆژی ٣-٨-٢٠١٤، چەكدارانی داعش پەلاماری شنگالیان دا و سەدان كوردی ئێزدیی ئەو شارەیان كۆمەڵكوژ كرد و بە سەدانیش ئاوارە و دەربەدەر بوون و بەشێکیشیان تا ئێستا بە دیلی لای داعشن. لەم کاتەدا، هێزێکی پەکەکە چووە شنگال، هەر ئەو هێزانە رێڕەوێکیان بۆ ئاودیوبوونی خەڵکی ئێزدی بۆ نێو خاکی سوریا کردەوە، بۆ ئەوەی لەوێوە ئاودیوی سنووری هەرێمی کوردستان ببنەوە. دوای ماوەیەک سێ هێزی جیاجیا لەلایەن پەکەکەوە دروستکران و ئێستاشی لەگەڵ بێت بڕیار و ڕاسپاردە لە قەندیلەوە وەردەگرن.
بە پێی نوێترین ئامارەكانی حكومەتی هەرێم، تا رۆژی ٢-٧-٢٠١٧، ژمارەی ئێزدییە ڕزگاركراوەكان ٣٠٤٨ کەس بووە لەوانە ١٠٩٢ ئافرەت و ٣٣٤ پیاو و ٨١٩ كچ و ٨٠٣ كوڕ ڕزگاركراون. ئەوانەی تا ئێستا رزگار نەكراون ژمارەیان ٣٣٦٥ كەسە لەوانە ١٦٣٦ ئافرەت و ١٧٣٣ پیاون.
حکومەتی هەرێم چەندین جار پەکەکەی ئاگادار کردۆتەوە
دوای رزگارکردنەوەی شاری شنگال لەژێردەسەڵاتی دەوڵەتی تیرۆریستی داعش، لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە، کە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە مانگی ١١ی ٢٠١٥، چەکدارانی سەر بە پەکەکە لە سنووری شارەکە لە ناو بینای فەرمانگەکانی شارەکە جێگیر بوون، کە ئەمە بووە جێگەی ناڕەزایی لایەنە فەرمیەکانی ناوچەکە و چەندین جار لە لایەن حکومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگەوە ئاگادر کرانەوە، بەڵام پەکەکە پێداگری لەسەر مانەوەی کرد.
ڕۆژی ٣-٣-٢٠١٧، شەڕە تەقە لە نێوان هێزێكی پێشمەرگەی رۆژئاوای سەر بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی یەبەشەی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان، لە ناوچەی خانەسۆری سەر بە شارەدێی سنونێ لە شنگال روویدا و بەو هۆیەوە شەهید و بریندار لە هەردوو لادا کەوتەوە. دواتر پێشمەرگە پێشڕەوییەکانی بۆ ئەو ناوچەیە ڕاگرت، تاکو شەڕەکە زیاتر پەرە نەستێنێ، بەگوتەی فەرماندەکانی پێشمەرگە.
هەروەها ڕۆژی ٧-٣-٢٠١٨ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، هەموو هێزە جۆراوجۆرەکانی نێو شنگالی ئاگادارکردەوە لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا سەرجەم بارەگا حکومییەکانی قەزاکە چۆڵبکەن و لە قەزاکە بکشێنەوە.
شەوێک لەناکاو دەچینە شنگال[٢]
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە دادوەر و داواکارانی گشتی لە ئەنقەرە، رایگەیاند “بە عەفرینەوە ناوەستین و بەرەو منبج، کۆبانێ و قامشلۆ دەچین. ئەگەر پێویستبکات دەچینە باکوری عێراقیش، شەوێک لەناکاو دەچینە شنگال و پەکەکە لەوێ دەردەکەین”.
لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی دژ بە پەکەکە، ئەردۆغان گوتی “هێشتا ئەنجامێک لە دیدارەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی پەکەکە نییە. ئێمە پێمانگوتن ئەوەتا لە شنگال (دووەمین قەندیل) جێی باسە. ئەگەر چارەسەری دەکەن، بیکەن ئەگەرنا شەوێک لەناکاو بۆی دێین. گوتمان بە تورکیا بدەن بۆ ئەوەی ناوچەکە لە پەکەکە پاکبکەینەوە. ئەوانیش گوتیان هەرکاتێک پێویستبێ هەواڵتان پێدەدەین. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێک لە بەغداوە نییە”.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی “ئەگەر بابەتی پەکەکە لە شنگال درێژەبکێشێ چڵە زەیتونێکی دیکە لەوێ روودەدات”. ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی سەر عەفرین، کە تورکیا ناویناوە “چڵە زەیتوون”.
هێزەکانی تورکیا بە پێنج پاسا و لە عێراق جێگیربوون[٣]
ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەبارەی هێزەکەی تورکیا لە باشیک، کە ماوەیەکە ئاڵۆزی خستووەتە نێوان پەیوەندییە سیاسییەکانی ئەنقەرە و بەغدا گوتی “هێزی تورکیا لەباشیک جێگیرکراون، ١١٤ کیلۆمەتر لە ناوەندی عێراقەوە دوورن، لە ١٤-١٢-٢٠١٥ـەوە هاتوونەتە نێو عێراق و تاوەکو ئێستا لە شوێنی خۆیاندا ماونەتەوە، ئێمە دژی بوونی ئەو هێزەین”.
وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها رایگەیاند “قسەمان لەگەڵ (تورکیا) کردووە بۆ ئەوەی هێزەکەی بکشێنێتەوە، بەڵام ئەوان لە هەرکاتێکدا پاساوی جیاواز بۆ مانەوەیان دەهێننەوە”. بەگوتەی جەعفەری پاساوەکانی ئەنقەرە بۆ هێشتنەوەی هێزەکەی لە باشیک لەم پێنج خاڵەدا خۆیان دەبیننەوە:
– بۆ رووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)
– هاوکاری لە شەڕی داعش
– بۆ ڕاهێنانی هێزە عێراقییەکان
– بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان
– رێککەوتنێکی لەمێژە لەگەڵ حکومەتی بەعس، لە ساڵی ١٩٨٢
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لەوە کردەوە “ئێمە وەڵامی هەموو ئەو پاساوانەمان داونەتەوە و پێمان گوتوون ئەو پاساوانە ڕاست نین. هەروەها بڕیاری پەرلەمانی عێراق هەیە و رێگە بە بوونی هیچ هێزێکی بیانی نادات لەسەر خاکی عێراق، بەتایبەتی ئەو هێزانەی بەبێ ئاگاداری عێراق دێنە نێو خاکەکەیەوە”.
دواجار پەکەکە بڕیاریدا[٤]
کەجەکە ڕۆژی هەینی ٢٣-٣-٢٠١٨، راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی شنگال بڵاوکردەوە و رایگەیاند “بارودۆخی ٣ی ئابی ٢٠١٤ له شنگال کۆتاییهاتووه، ئێزدی ئیدی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی رێکخراون و شنگال و ده‌ورووبه‌ری ئارامه، له‌به‌ر ئه‌وه گه‌ریلاکانمان ده‌کشێنینه‌وه. گه‌ریلا بۆ ئه‌وه‌ی ئێزدییه‌کان بپارێزن ده‌ستوه‌ردانیان له شنگال کرد، هه‌ربۆیه گه‌ریلا به دڵێکی خۆش و ئارام ئامانجی خۆیان سه‌رخست و له شنگال ده‌کشێنه‌وه”.
لە راگەیێندراوەکەی کەجەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە “گه‌ریلاكان رووبه‌ڕووی هێرشه سه‌خته‌كانی داعش بوونه‌وه و رێگرییان له سه‌رهه‌ڵدانی پاكتاوی نه‌ژادی له شنگال و ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری کرد، گه‌ریلا بۆ رزگاركردنی ئێزدییه‌كان به‌هانایانه‌وه چوون و ته‌حه‌دای هه‌موو جۆره گوشار و ئاستهنگهكانیان كرد”.
کەجەکە جەختیکردووەتەوە کە “هه‌ر كاتێك هێرش له باكوور، ڕۆژئاوا، باشوور و عێراق یان لە هەر شوێنێکی دیکە بۆ سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه هه‌بێت، به‌دڵنیاییه‌وه پشتیوانی برایانی ئێزدی ده‌بین و هیچ گومانێكیان نه‌بێت كه پشت و پهنایانین”.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە “دوای ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی داعش تێکشکێنرا، شنگالییه‌کان هه‌وڵیاندا له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق دانوستاندن بکه‌ن و کێشه‌کانی خۆیان به گفتوگۆ چاره‌سه‌ربکه‌ن، حکومه‌تی عێراقیش بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئێزدییه‌کان بداته‌وه، که‌وته هه‌وڵدان. له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌ریلاکان ئه‌رکی خۆیان له پاراستنی ئێزدییه‌کان به ته‌واوی جێبه‌جێکرد، هه‌روها حکومه‌تی عێراقیش به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌رێنی نزیکی داخوازییه‌کانی ئێزدییه‌کان ده‌بێته‌وه، بڕیارماندا هێزه‌کانی خۆمان له شه‌نگال بکشێنینه‌وه”.
سەرەڕای بڕیاری کشانەوە بەشێکیان ماونەتەوە[٥]
قادر قاچاغ، به‌رپرسی لقی شنگالی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمی حزبەکەی راگه‌یاند “دوای هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر شنگال به‌هۆی بوونی په‌كه‌كه‌وه، خه‌ڵكی شنگال و پیاوانی ئایینی و سه‌رۆك هۆزه‌كانی ئێزدی، داوایان له په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبییش كردووه له ناوچه‌كه‌یان ده‌ربچن و چۆڵی بكه‌ن، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا له شنگال ماون و نه‌كشاونه‌ته‌وه. ده‌نگۆیه‌ك هه‌یه، كه هه‌ندێك له‌وانه‌ی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان كشاونه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتا په‌كه‌كه‌ی لێ ماون”.
قادر قاچاغ ده‌ڵێت ”له شنگال بۆشایی ئیداری هه‌یه و ئه‌و ئیداره‌یه‌ی، کە هه‌یه، شه‌رعی نییه و هاوكارییان ناگهیندرێتێ، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی لێ ده‌رچێ، كه دووجار هاوكاریی بۆیان ڕه‌وانه كردووه، په‌كه‌كه رێگەی نه‌داوه هاوكاریی پێویست بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه ڕه‌وانه بكرێت و ڕاستییه‌كه‌ی رێگای تریش نییه هاوكارییان بۆ بچێت، بۆیه دۆخیان زۆر خراپه”.
قاچاغ په‌كه‌كه به‌ره‌وڕووی پرسیار ده‌كاته‌وه و گوتی، ”ئه‌گه‌ر ئه‌وان ڕاست ده‌كه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندیی كوردانی ئێزدییانیان ده‌وێت، با ناوچه‌كه چۆڵ بكه‌ن و تووشی هێرشی توركیا نه‌بن و زیان به‌و خه‌ڵكه نه‌گات، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ئێمه نه‌مانزانیوه شنگالیان جێ هێشتبێت”.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی لقی پارتی له شنگال له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌شه كه، تا په‌كه‌كه له شنگال بمێنن، ئه‌وان كوردانی ئێزدی له مه‌ترسیدا ده‌مێننه‌وه و دوور نییه جارێكی دیكه تووشی جینۆساید ببنه‌وه.
پەکەکە لەبەر دوو هۆکار دەکشێتەوە
هه‌ر لەبارەی کشانەوەی ئه‌و هێزه‌ی په‌كه‌كه له سنووری شنگال، مه‌حما خەلیل قائمقامی شنگال، له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كه‌ی پارتی له شنگال هاوڕایه و ده‌ڵێ، هەبوونی پەکەکە لە شنگال مەترسی بوو بۆ سەر سەدان هاووڵاتی ئێزدی لە شنگال. هه‌ڵبه‌ته تورکیا بڕیاری دابوو لەبەر هەبوونی پەکەکە بێتە نێو شنگاله‌وه و، لهشكركێشییش هۆكار ده‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه ئێزی ببنه‌وه قوربانی، ئاخر ئێزدی خۆیان برینیان قووڵە.
مه‌حما خه‌لیل، بۆ مالپهڕەکەی ئاشكراکرد و گوتی، كه بڕیاری پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه له‌باره‌ی كشانه‌وه له ده‌ڤه‌ری شنگال، بۆ دوو هۆكاری سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه ”هۆكاری یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه، كه وڵاتی توركیا مكوڕه له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه له شنگال بمێنێ، ئه‌وا ده‌كرێنه ئامانج و هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنیان لێ ده‌كات. هۆكاری دووه‌میش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، رێكکه‌وتن هه‌یه له نێوان په‌كه‌كه و حكومه‌تی به‌غدا و توركیادا، هه‌ڵبه‌ته ده‌ریشكه‌وت په‌كه‌كه له‌لایه‌ن به‌غداوه هاوكاری و پاڵپشتی ده‌كرێت و، هه‌ر به بڕیاری به‌غدایش له سنووری شنگال ده‌كشێنه‌وه”.
ئەنجام
بە گوتەی شارەزایانی سیاسیی کشانەوەی پەکەکە لەو ناوچەیە گرنگە، ڕاستە پەیوەندی بە فشارەکانی تورکیاوە هەیە، بەڵام مەترسییەکانی مانەوەی ئەو هێزە نالۆکاڵییە مەترسی و کێشەکان زیاتر دەکات و ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەکان رادەگرێت و بەهانە بە تورکیا دەدات بەردەوام وەک کارتێکی فشار، دژ بە عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان بەکاری بهێنێ و هەرجارە بەو بیانووە هێرشی ئاسمانی ئەنجام بدات.