نوچەنێت
نوێنەری یەكێتیی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنكەرە، ە بارەی دواین لێدوانی وەزیری دەرەوەی توركیا، نامەیەك ئاراستەی هەریەك لە كۆسرەت رەسوڵ عەلی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەكات و ئاگاداریان دەكاتەوە.
رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵی وڵاتەكەی ڕای گەیاند” یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هاوئاهەنگی لەگەڵ پەكەكە دەكات و ئەوەش زیان بە كوردی عێراق و توركیاش دەگەیەنێت”.
هەروەها رۆژی هەینی، سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە، لەكاتی راگەیاندنی دەستپێكردنەوەی گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی نێوان ئەنکەرە و هەولێر، رایگەیاند “لەبەر ئەوەی لە سلێمانی پاڵپشتی چالاكییەكانی دژ بە توركیا دەكرێت، گەشتەكان بەرە و ئەو شارە دەست پێ ناكەنەوە”.
لە نامەیەکدا بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری یەکێتی لە ئەنکەرە کە ئاڕاستەی هەریەک لە کۆسرەت ڕەسول عەلی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و سەرکردایەتی حزبەکەی کردووە و رایگەیاند “هاوپیچ بەشێکی لێدوانی ئەمرۆی وەزیری دەرەوەی توركیاتان بۆ دەنێرم، كە بەئاشكرا دەڵێ یەکێتی دەعمی پەكەكە دەكات”.
بەهرۆز گەڵاڵی، لە نامەکەیدا دەڵێت “ئەو لێدوانە زۆر ترسناكە، ئەمەش ئەنجامی لێدوانی هەندێ، كە سی ناو یەكێتییە كە كامێرای تەلەفزیون دەبینن خۆیان و بەرژەوەندی یەكێتی و ئەوناوچەیەی یەكێتی لە بیردەكەن، باسی هێزناردن بۆ عەفرین دەكەن”.
گەڵاڵی لە نامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، لێدوانتان نەدابایە، فەرموو گەر هێزتان هەیە بۆ ناینێرن بو عەفرین؟ هەڵگرتنی بەردی گەورە نیشانەی نەهاوێشتنە! بۆ ماڵی كورد و یەکێتی بەس بە قسە وێران دەكەن؟ كەستان لە مام جەلال بە قوەتترنین، بە حەیاتی خۆی لێدوانی وای نەداوە بڵی من هێز دەنێرم بۆ بەرانبەر جەیشی فڵانە ولات.
گەڵاڵی دەشڵێت “یە كێتی گوتەبیژی خۆی هەیە، ئیتر ئەو پاشا گەردانییە چییە؟ با بەس بێت، گەر دڵمان بۆ كورد و یەكێتی دەسوتێ! با واز لە قسە و لێدوانی نەگونجاو بێنین و یەكێتی ناو یەكێتی بەهێزبكەینەوە و هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە كانمان بدەینە وە. هەم لەگەڵ بەغدا و هەمیش لەگەڵ توركیا و ئیران”.
هەر لە نامەکەیدا باسی لەوەش کردووە، دەزانن ئەو لێدوانەی چاوش ئۆغلو چی لێدەخوێنرێتەوە؟ بە بیروڕای من توركیا لای خۆیەوە یەكێتی داخیلی لیستی تیرۆر بكات، مانای وایە دەتوانی بێت بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی.
دەقی نامەكە:
زۆر بەڕێز كاك كۆسرەت جێگری سكرتیری گشتی
خوشكی گە ورەم هێرۆخان
هەڤالانی سەركردایەتی بەریز
بەڕێز مەكتەبی پەیوەندییەكان
سڵاوێکی گەرم
هاوپێچ بەشێکی لێدوانی ئەمڕۆی وەزیری دەرەوەی توركیاتان بۆ دەنێرم، كە بەئاشكرا دەڵێ یەکێتی دەعمی پەكەكە دەكات.
ئەو لێدوانە زۆر ترسناكە، ئەمەش ئەنجامی لێدوانی هەندێ كەسی ناو یەكێتییە، كە كامێرای تەلەفزیون دەبینن خۆیان و بەرژەوەندی یەكێتیی و ئەو ناوچەیەی یەكێتی لە بیردەكەن، باسی هێزناردن بۆ عەفرین دەكەن. لێدوانتان نەدابایە ،فەرموو گەر هێزتان هەیە بۆ ناینێرن بو عەفرین؟ هەڵگرتنی بەردی گەورە نیشانەی نەهاوێشتنە! بۆ ماڵی كورد و یەکێتی بەس بە قسە وێران دەكەن، كەستان لە مام جەلال بە قوەتترنین، بە حەیاتی خۆی لێدوانی وای نەداوە بڵی من هێز دەنێرم بۆ بەرانبەر جەیشی فڵانە وڵات، گەر دژایەتی وڵاتیكی كردبێ، بە مەنتیق و ستراتیژ كردوویەتی. تكایە با موزایەداتی سیاسی و هەڵویست فرۆشتن لەسەر حسابی فەقیر و هەژار بەس بێت.
تكایە سنورێك دابنێن بۆ ئەو سیاسییانەی، كە ناتوانن دواڕۆژوو بەرچاوی خۆیان تەنانەت بۆ هەفتەیەكیش ببینن. دەزانن ئەو لێدوانەی چاوش ئۆغلو چی لێدەخوێنرێتەوە؟ بە بیروڕای من توركیا لای خۆیەوە یەكێتی داخیلی لیستی تیرۆر بكات. مانای وایە دەتوانی بێت بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی. تكایە با لە مەلیك مەلیكتر نەبین. بێ موزایەدە، من پشتیوانی دۆزی رەوای كوردم لە ئێران لە توركیا لە سوریا، بەڵام (هە موو شتێك بە خوێ! خوێش بە مەعنا).
ئێمە لە ژێر رۆشنایی سیاسەتی جەنابی مام جەلال، سەدان و هەزاران شتمان كردووە، هەم بۆ پرۆسەی ئاشتی نێوان كورد و تورك، هەمیش بۆ پشتیوانی لە دۆزی رەوای گەلی باكوور، بەڵام قەت مام موزایەدەی بە لێدوانەكانی نەكردووە، كە چی دوای مام پەیوەندی نێوان یەكێتی و توركیا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ڕوو لە خراپییە، خە ریكە هەر نەمێنێت. تكایە كاك كۆسرەت و هێروخان، هەقە سنورێك دابنێن بۆ ئەوانەی لەسەر حسابی سیاسەتی گشتی یەکێتی و شەهید و بریندار و كادرەكانی و بێ لێكدانەوە و حیسابات ناكەن و لێدوانی نەگونجاو دەدەن، دور لە تاقەت و توانای سیاسی و عەسكەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەمیشە لە دژی تیرۆر و تیرۆریزم خەباتی كردووە، بەڵام قەت نەیتوانیوە بێدەنگ بێت لە پشتیوانیكردن لە خواست و ویستو داخوازییە رەواكانی گەلی كورد لە هەمو پارچەكانی كوردستان، تكایە كارێكی وابكەن لێدوانی بێ ئەنجام و نەگونجاو رابگرن.
یەکێتی وتەبیژی خۆی هەیە، ئیتر ئەو پاشا گەردانییە چیە؟ با بەس بێت، گەر دڵمان بۆ كورد و یەکێتی دەسوتێ! با واز لە قسە و لێدوانی نەگونجاو بینین و یەكێتی ناو یەكێتی بە هێزبكەینەوە و هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانمان بدەینە وە هەم لەگەڵ بەغدا وە هەمیش لەگەڵ توركیا و ئیران، بەڵێ واقیعیكی تاڵە كورد مەحكومی جوگرافیایەكە، كە تا ماوین دەبێ دەرگای حوار لە نێوان كورد و عەرەب و فارس و تورك دانەخەین و دانەخات، بۆیە پیشنیاری بەپەلەم ئەوەیە یەکێتی وەفدێك بنێرێ بۆ توركیا بۆ رێگرتن لەكارەساتی گەورەتر.
بەداخەوە یەكێتی نەوایكردووە پەكەكە ھاوكاری بكات، نە واشیكردووە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ توركیا ھەبێت.
لەگەڵ رێزماندا
بەهروز گەڵاڵی
نوێنەری یەکێتی نیشتمانی كوردستان
2018/3/22