نوچەنێت
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق نووسراوێكی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی پارێزگای كەركوك كردووەو تێیدا هەموو ئەو گرێبەستانەی هەڵوەشاندوونەتەوە، كە ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە.
بەپێی نووسراوی فەرمی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی عێراق، نووسینگەی وەزیر ژمارە ٤٦٩، كە لە ١-٣-٢٠١٨ دەریكردووە، ناوەڕۆكی نووسراوی پێشووى وەزارەت، نووسینگەی وەزیر ژمارە ٢٧٥، لە ٥-٢-٢٠١٨. دەركراوە هەڵدەوشێنێتەوەو داوادەكات، ئەوەى پێویستە بگیرێتەبەر و كار بە بڕیاری نوێ بكرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، کە لە ٨-٢-٢٠١٢ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوەیدا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە گرێبەستەكانی زەوی كشتوكاڵییەوە هەیە لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و گەڕانەوەیان بۆ خاوەنەكانیان و قەرەبووكردنەوەی ئەوانەی بەهۆی بڕیارەكەوە زیانیان بەركەوتووە.
ماددەی ١٤٠ی دستووری عێراق، چەند خاڵێكی گرنگی لەخۆگرتووە گرنگترینیان ئاساییكردنەوەی رەوشی پارێزگای كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانە لە پارێزگاكانی دیكەش وەكو نەینەوا و دیالە.