نوچەنێت
وەزیری دەرەوەی تورکیا، باسی لە پرسی عەفرین و منبج و ئەگەری هێرشی سەربازیی سوپای تورکیا لە شنگال و ناوچەکانی باشووری کوردستان دژی پەکەکە کرد و رایگەیاند “یەکێتی نیشتمانی کوردستان هاوئاهەنگی لەگەڵ پەکەکە دەکات و ئەوەش زیان بە کوردی عێراق و تورکیاش دەگەیێنێت”.
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ، لەبارەی پێگەی پەکەکە لە باشووری کوردستان و گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا لەبارەی پەکەکە، گوتی “سەرباری ئەوەی عێراق بەرەو هەڵبژاردن دەچێت، بەڵام رێوشوێنی ئەمنی لەو ناوچەیەدا زیاتر کردووە، عێراق زۆر نیگەرانە، بۆیە زۆرترین لایەن عێراقییەکانن کە نیگەرانن لە بوونی هێزەکانی پەکەکە لەو ناوچەیە”.
مەولوود چاوشئۆغڵو گوتیشی “لەهەمانکاتیشدا دەسەڵاتدارانی هەرێمی باکووری عێراقیش نیگەرانن بەبوونی ئەو هێزانە. ئەمانە زۆرترین زیان بە کوردەکانی باکووری عێراق دەگەیێنن. لە هەندێک شوێنی باکووری عێراق هاوئاهەنگییان لەگەڵ پەکەکە کردووە لە شاری سلێمانی، بۆ نموونە حیزبەکەی تاڵەبانی، هەروەها چەند حزبێکی بچوکی ئەو ناوچەیەش. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پەکەکە هەڕەشەیە بۆ کوردەکانی عێراق و هەڕەشەیە بۆ کوردانی تورکیا. هەروەها بینیشمان چۆن هەڕەشەیەک و مەترسییەکی گەورەشن بۆ کوردانی سوریا”.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت “لە دوای قۆناغی گشتپرسی عێراق درکی بەوە کرد، کە تورکیا دۆستی عێراق و عێراقییەکانە. لەوە تێگەیشت، کە ئامانجی تورکیا سەقامگیری عێراقە، پشتیوانی لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکییان دەکات و رێز لە یاساکانیان دەگرێت. ئەم قۆناغە بووە هۆکاری ئەوەی پەڕەیەکی نوێ بکرێتەوە لە پەیوەندییەکانی نێوانمان. لەسەر ئەم بنەمایەش دەخوازین پەیوەندییەکانمان بەرەوپێش ببەین. هەندێک بابەت هەن پێویستە چارەسەریان بکەین وەک وزە و چەند بابەتێکی دیکە و بەردەوامین لە گفتوگۆ و دانوستاندن. لەو باوەڕەدام پەیوەندییەکانمان زۆر باشتر دەبێت. لە کۆنفرانسی پشتیوانی عێراق لە کوێت، تورکیا زۆرترین پشتیوانی دارایی بۆ عێراق دابین کرد. تورکیا پێنج ملیار دۆلار قەزری ئاوەدانکردنەوەی بە عێراق بەخشی. لەم چوارچێوەیەشدا زۆرترین پرۆژەی وەبەرهێنان دەدرێتە کۆمپانیاکانی تورکیا و ئەوانیش سوودی زۆری لێدەبینن”.
مەولوود چاوشئۆغڵو باسی لە پەیوەندییەکانی هەلێر و بەغداش کرد و گوتی “موخاتەبی سەرەکی ئێمە بەغدایە، بۆیە حکومەتی ناوەند بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی دا، ئێمەش بەهەمان شێوە رامانگرت. ئێستا بەغدا چاوی بەم بڕیارەی گێڕا، لەگەڵ هەولێر لەبارەی کایەی ئاسمانی گەیشتە رێککەوتنێک، هەروەها رێککەوتنێکیش کراوە کە بەغدا موچەی فەرمانبەران و تەنانەت پێشمەرگەکانیش بدات. کەواتە لێکنزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا کاریگەریشی لەسەر پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەردوو لایەن دەبێت”.