نوچەنێت:تایبەت
بەهۆی ناکۆکی و پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد، لێکدانەوەی جیاجیا بۆ دۆخی کورد دوای هەڵبژاردنی ئەمجارەی عیراق دەکرێت. رای زۆرینە ئەوەیە کە کورد ئەمجارە بە سەنگ و قورسایی زۆرەوە بەشداری حکومەتی داهاتووی عیراق ناکات، چونکە ناتوانێ دەنگی پێویست بە دەست بێنێتەوە.
رۆژی ١٢-٥-٢٠١٨ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەڕیوەدەچێت. پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک، بایکۆتی پڕۆسەکەی کردووە.لەماوەی رابردوو پارتی رایگەیاندبوو، ئەگەر لیستێکی هاوبەش دروستبکرێت، بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات لە کەرکوک، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان نەتوانرا ئەو لیستە هاوبەشە دروستبکرێت.
پارتی”بایکۆت باشتر بوو”
پارتی دیموکراتی کوردستان، هەزوو بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی لەکەرکوک دا، نەجیبە نەجیب ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەنوچەنێت-ی گوت”قبوڵکردنی هەڵبژاردن مانای رازی بوونە بەپڕۆسەی سیاسی عێراق، کەشەراکەتی تێدا نەماوە و حکومی زۆرینە نییە، بۆیە دەبوو کەمترین هەڵوێستی کورد، کە بیگرتایەتەبەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردن بوایە. بۆ ئەوەی لای خەڵکی کوردستان و عێراق روون بوایە، تاکو ئێستا کورد لەدەوڵەتی عێراق، شەریک نییە”.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، پێیوایە، دەنگی کورد لەم هەڵبژاردنە کەم دەکات”کورد بەشداری لەم هەڵبژاردنە-نەکردایە باشتربوو. لەهەڵبژاردنی رابردوو توانیومانە ٦٥کورسی بەدەستبینین. ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت ناتوانێت ئەو کورسییان بەدەست بهێنێتەوە، لەلایەکی دیکەوەپەرتەوازەیی کورد هۆکارێکی دیکەیە بۆ کەمکردنەوی دەنگەکانی کورد، هەروەها ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە ژێردەستی سەربازی حکومەتی عێراق دایە. شیعە دەتوانن لە کوردستان و ناوچە سوننەکانی عێراق، دەنگی خۆیان بدەدەن. ئەوەش هۆکارێکە بۆ کەم بوونی دەنگی کورد و لەبەرژەوەندی کورد نابێت”.
یەکێتی ” کەوتووەتە سەر کورد خۆی”.
محەمەد عوسمان، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێتی راگەیاند”ئەم هەڵبژاردنە کەوتووەتە سەر کورد خۆی، ئەگەر کورد بە-بەهێزییەوە بەشداری بکات، هەموولایەکمان بەیەکگرتووی بچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان،لەرووی دەنگدانەوە یەکەم دەبین و هیچ کێشەیەکی نەتەوایەتی، مێژووی، کەلتوری، زمانەوانی و جوگرافی، بۆ کەرکوک دروست نابێت”.
محەمەد عوسمان دەڵێت، ئەگەر رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانی کورد لە کەرکوک کەم بێت. ئەوا کورد نابێتە یەکەم لەرووی دەنگدانەوە، ئەمەش بەزیانی کورد دەشکێتەوە، ئەوکاتە پارێزگار و بەڕێوەبەری پۆلیس و بەڕێوەبەری شارەوانی لەئێمە نابێت. ئەوان دێن بەیاسا و بەهێز هەرچییان بوێت دەیکەن. گوتیشی”بۆ ئەوەی ئەوەی خەڵک لێی نەقەومێ، دەبێت هەموولایەکمان بچین بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان و بەشداریبکەین”.
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی، رەخنە لەسەرکردایەتی سیاسی کورد دەگرێت”بەداخەوە، سەرکردایەتی سیاسی کورد، سەرکردایەتییەکی حەکیم نەبوو، چونکە نەیانتوانی بەیەکەوە لیستێکی هاوبەش لەکەرکوك دروستبکەن، ئەمەش کارەساتێکە، کەهیچ پەیوەندییەکی بە عەرەب و بەغداوە نییە. تەنها ئەوەنەبێت بەشێک لەسەرکردایەتی سیاسی کوردستانی، لە ئاستی پێویستدا نەبوو، بۆیە نەیان توانی لەو شارە کوردایەتی بکەن، بەڵکو دیسانەوە حیزبایەتی زاڵبوو بەسەر کوردایەتیدا، یەک لیستی لەبەرژەوەندی کوردبوو، چونکە ئەگەر یەک لیستی بوایە هەموو دەنگەکان بۆ کورد دەبوو دەنگەکانی نافەوتێ. کورد بووە هێزی یەکەم لەکەرکوک”.
کۆمەڵی ئیسلامی” کات نەماوە”
زانا رۆستایی، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی دەنگی کورد لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە”کورسییەکانی کورد، لەپارێزگای دهۆک، سلێمانی و هەولێر، هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە، بەڵام ٢٠ کورسی کورد لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە و موسڵ لەمەترسیدایە، کە رەنگە نیوەی ئەو کورسییانە لەدەستبدەین”هەروەها دەڵێت “لە بەرئەوەی پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە لە کەرکوك، ئەمەش زیانێکی دیکە لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا، دەدات”.
رۆستایی ئاماژە بەوە دەکات، لە هەڵبژاردنی رابردوو ژمارەی کورسییەکانی کورد ٦٥ کورسیبووە، رەنگە ژمارەی کورسیەکانمان لە هەڵبژاردنی داهاتوو، کەمترلە ٥٥ کورسی بێت. بێگومان ئەمە کاریگەری لەسەر پێگەی کورد لە حکومەتی داهاتوو، دەبێت”.
سەبارەت بەو پرسیارەی، کە ئایا کات ماوە بۆ ئەوەی کورد ئەو دەنگانە لە دەستنەدات؟ زانا رۆستایی گوتی”هیچ کات نەماوە بۆ ئەوەی دەنگەکان بەدەستبێنینەوە، تەنها یەک شت نەبێت،ئەویش ئەگەر ئەو لایەنانەی بایکۆتی هەڵبژاردنیان لە کەرکوك، کردووە بەهەر شێوەیەک بێت هانی لایەنگرانی خۆیان بدەن بەشداری هەڵبژاردن بکەن، ئەگەرچی نوێنەری ئەو حزبەش نەبێت، لەگەڵ لایەنێکی دیکە رێککەوتن بکەن و دەنگەکان بگەڕێنەوە بۆ کورد”.
یەکگرتووی ئیسلامی” هەڵبژاردن هیچ ناگۆڕێت”
یەکگرتوو رای جیاواز لە حزبەکانیتری هەیەو، پێیوایە، هەڵبژاردن گۆڕانکاری دروست ناکات.
کەژاڵ هادی فەقێ، ئەندامی سەرکردیەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بەنوچەنێت-ی گوت ” هەر ئێستا لەم خولەی پەرلەمانی عێراق، فراکسیۆنە کوردییەکان شێوازێک لە پەرتەوازەیی، نا ئیتیفاقی و نایەکدەنگی هەیە، بۆ یەگرنگە لەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەیەک دەنگی و یەک هەڵوێستی خۆیانەوە مافە دەستووری یەکانی کورد بەدەست بهێنن، ئەم پەرتەوازەییە، بەتایبەتی لەئێستادا، کەرکوک و ناوچەجێ ناکۆکەکان لەبەردەستی ئیدارەی حکومەتی هەرێم نییە، گاریگەری لەسەر دەنگی کورد لەوناوچانە دەبێت”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی جەختی لەوەکردەوە، کە ئەگەر کورد بە پەرتەوازەیی و هەر کەسە لای خۆیەوە ئیشبکات. ئەوە خزمەت بەدۆزی کورد ناکات، دەبێت ئەو پێگەیەی، لەماوەی رابردوودا کورد هەی بووە، بەهێز بکاتەوە و بەو پێگەیەوە بڕواتەوە بەغد تاوەکو بتوانێت، مافەکانی خۆی بەدەستبێنێت” ئەگەر بەشپرزەیی و پەرتەوازەیی بچینەوە بەغدا، هەڵبژاردن هیچ ناگۆڕێت، ئەگەر ژمارەی کورسییەکانیشمان کەم نەکات تەنها ئەوەندەیە، وەکو بڵێی بەشدار نەبوونی باشتر بێت لەبەشداریکردنی”.