بکوژانی فەرماندەکەی حیزبی دیموکراتی کوردستان دەستگیرکران

0

نوچەنێت

ناوەندی “سایبری”ی حیزبی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بکوژانى قادر قادری، فەرماندەکەى حیزبەکەی باندێکی پێنج کەسین و دەستگیرکراون. ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبەش دەڵێت “چوار لە تۆمەتبارەکان خەڵکی باشوری کوردستانن”.

سەرلە بەیانی رۆژی چوارشەممە ٧-٣-٢٠١٨، تەرمی قادر قادری، کادیر و یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)  لە ناوچەی بالیسان دۆزرایەوە. هاوکات پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند “٢١ گوللە بەسەر تەرمی قادر قادرییەوە دیارن و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە”.

ئەمڕۆ (دووشەممە ١٩-٣-٢٠١٨)، حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) راگەیێندراوێکى سەبارەت بە دەستگیرکرانی پێنج تۆمەتبارى دۆسیەی کوشتنی قادر قادری، فەرماندەی نیزامى حزبەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت “تاوانبارانی تیرۆرکردنەکە باندێکی پێنج کەسین (ژنێک و چوار پیاو) بوون”.

لە راگەیێنداوەکەدا هاتووە “ئەو کەسانە هەموویان بە هاوکارى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان لە لایەن دەزگاى ئەمنیەتى حیزبی دیموکراتى کوردستان (ناسراو بە حدک سایبرى)ـەوە دەستبەسەر و دواى دانپێدانان تۆمەتەکەیان بەسەردا ساخبووەتەوە. عوسمان فەقێ مەلەکی ناسراو بە (مەلا عوسمانى هیزۆپ) کە پلانداڕێژەرى سەرەکى تیرۆرەکە بووە. فەرمانى لە دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانى ئێران، وەرگرتووە و گوماندەکرێت هەر خۆیشى فەرماندە دیارەکەى حدکى خستبێتە بەر دەستڕێژى گوللە”.

ناوەندی “سایبری”ی حدک دەڵێت “مەلا عوسمان هیزۆپى خۆى یەکێک بە نزیکانى پێشمەرگەکانى حدک بووە و هاتووچۆى بنەماڵە پێشمەرگەکانى ئەو حیزبەى کردووە و پیلانەکانى بۆ ئەندامانى دەفتەرى سیاسى ئەو حیزبە بووە، بەڵام لەم تیرۆرەدا ئاشکرا و دەستبەسەردەکرێت”.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕیاروایە، حدک سایبرى لە رۆژانی داهاتوودا “زانیاری وردتر” سەبارەت بە چۆنێتى و شێوازی کوشتنی قادر قادری بڵاوبکاتەوە.

لەوبارەیەوە ئیبراهیم زێوەیی، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و  بە نوچەنێتی راگەیاند “پێنج تۆمەتبار دەستگیرکراون. چوار لەو تۆمەتبارانە خەڵکی باشوری کوردستانن. یەکێکیشیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە.

ئیبراهیم زێوەیی دەڵێت”لە ئێستادا بۆ سەلامەتی لێکۆڵێنەوە، زانیاری زیاتر ئاشکرا ناکەم بەڵام دوای لێکۆڵینەوەی وردتر، زانیاری تر دەخەینەڕوو”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com