هۆکارەکانی خۆرێکخستنەوەی داعش لە موسڵ دەخرێتەڕوو

0

نوچەنێت: تایبەت 

بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ رایدەگەیەنێت، ئێستاش چالاکی و کاری تیرۆریستی لە موسڵ بەردەوامە و دەشڵێت “دەسەڵات و دامەزراوە ئەمنییەکان لە موسڵ لاوازن”.

رۆژی دووشەممە ١٠-٧-٢٠١٧، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لە موسڵەوە کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی شارەکەی راگەیاند و گوتی “هێزە عێراقییەکان لە موسڵ سەرکەوتنی گەورەیان تۆمارکردووە، داوا لە خەڵک دەکەم شکۆی سەرکەوتنی هێزە عێراقییەکان لە بەرامبەر داعشدا بپارێزن”.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لەوکاتەوە تائێستاش خەڵکێکی زۆر لە ئاوارەکانی پێش شەڕی ئازادکردن و دوای ئازادکردنی موسڵ لەلایەن سوپای عێڕاقەوە، هەر لە ئاوارەییدا ژیان بەسەر دەبەن ئامادە نیین بگەڕێنەوە ناو موسڵ، هۆکارەکەیشی وێرانکاری زۆر و نەبوونی ئەمنییەت لە شارەکەیە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سەعید مەموزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی لە موسڵ، لەبارەی سەرهەڵدانەوە و رێکخستنەکانی داعش لە موسڵ و دەوروبەری رایگەیاند “خۆرێکخستنەوەی داعش لە موسڵ راستە و ئێستاش چالاکی و کاری تیرۆریستیش بەردەوامن. هەروەها مانگێک پێش ئێستا هێرشێکیان لە بادۆش ئەنجامدا، کە بەهۆیەوە پێنج لە هێزە عێراقییەکان گیانیان لەدەستدا.

سەعید مەموزینی ئاماژەی بەوەشدا، کە ئێستاش لە ناو موسڵ دیاردەی رفاندن هەیە و  شارەکە ئەمنییەتی نییە بۆ هیچ لایەنێک. کورد لەبەر دۆخەکە کەم گەڕاوەتەوە و عەرەبیش بەهۆی وێرانی و نەبوونی ئەمنییەت لە شارەکە، رێژەیەکی کەم گەڕاونەتەوە. 

ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەش دەخاتەڕوو، کە پاراستنی خەڵک لە ئەستۆی دەسەڵاتی خۆجێی موسڵدایە، بەڵام ئەو دەسەڵاتە لاوازە و ناتوانێ بەتەواوی ئەمنییەت بۆ دانیشتوانی موسڵ و  دەورووبەری دابین بکات. گوتیشی “دەتوانم بێلم ئێستا موسڵ شارێکی بێ حاکمە و هۆکارەکەشی ناکۆکی تائیفی، لاوازی دەسەڵاتە و هەروەها خەڵکێکی زۆر مەزهەبی خۆیان بۆ پارە گۆڕیوە و مەترسی داعش-یش هەر ماوە”.  

لەبارەی مەترسیدار بوونی داعش لەسەر هەرێمی کوردستان مەموزینی دەڵێت “داعش مەترسییە لەسەر هەموو دنیا، بەڵام وەک پێشوو هێزیان نەماوە، کە ببنە هەڕەشە لەسەر کوردستان. دەشڵێت “ئەو شوێنانەی، کە پێشتر پێشمەرگەی لێبوو، وەک بەعشیقە و بەرتلە، جموجۆڵیان هەبووە و شەوان نامە و راگەیەندراویان بڵاوکردۆتەوە. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com