نوچەنێت
وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو پارەیەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ موچە نێردراوە، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند “بۆ دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکان بەبێ پاشەکەوت پێویستی بە ٩٠٠ ملیار دینارە، بۆ دابەشکردنی موچەش بە پاشەکەوتەوە پێویستی بە ٥٩٠ ملیار دینارە،
وەزارەتی دارایی رایدەگەیێنێ، حکومەتی عێراق ٣١٧ ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، پارەکە بۆ هەموو وەزارەتەکان نێردراوە بە وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانیشەوە، نەک تەنیا بۆ وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکان بەبێ پاشەکەوت پێویستی بە ٩٠٠ ملیار دینارە، بۆ دابەشکردنی موچەش بە پاشەکەوتەوە پێویستی بە ٥٩٠ ملیار دینارە، واتا ئەگەر ٢٧٣ ملیار دیناری دیکە لە داهاتی ناوخۆ بخاتە سەر پارەکەی بەغدا، ئینجا دەتوانێت موچەی هەموو وەزارەتەکان بە پاشەکەوتەوە بدات.
لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی داراییدا ئاماژە بەوە کراوە، کە پاش نەورۆز حكومەتى هەرێمی کوردستان كۆبوونەوەيەك ئەنجامدەدات بۆ ئەوەی بەو بڕه پارەيەى، كه بەغدا دەينێرێ، هەروەها بە داهاتى ناوخۆ و داهاتى نەوت ليستى موچه رێكبخرێتەوه.
دەقی روونكردنەوەکەی وەزارەتى دارايى و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان:
هاوڵاتيان و مووچەخۆرانى هەرێمى كوردستان، دوابەدواى بڵاوبوونەوەى چەند هەواڵێك لەسەر ناردنى مووچه له بەغداوه له راگەياندنەکان، لێرەوه تەواوى زانيارييەكانتان پێڕادەگەيێنين.
سەرەتا سوپاسى سەرۆكوزيرانی حكومەتى فيدراڵ و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە توانییان بە پشوودرێژیی لە قۆناخێکی سەختدا گفتوگۆیەکی بەرهەمدار ئەنجامبدەن و لەو رێگەیەوە بڕە پارەیەک لە بەغداوە بگاتە هەرێمی کوردستان، ئەمه دەستپێكێكى ئەرێنييه. بەڵام بڕى مووچەى هەرێمی کوردستان بەبێ پاشەكەوت ٩٠٠ مليار ديناره و به سيستەمى ئێستاى پاشەكەوتەوە پێويستمان به ٥٩٠ مليار ديناره، بۆیە هيوادارين بەغدا بەردەوام بێت لەسەر ناردنى مووچەى مانگانە.
١-دەقى نامەى بەڕێز سەرۆكى بانكى مەركەزى بۆ وەزارەتى دارايى و ئابوورى
اطلاق راتب لشهر واحد لموظفي اقليم كردستان
رواتب الاقليم عدا البيشمركة 281,724,634
+
رواتب البيشمركة 35,815,831
=
مجموع رواتب الاقليم مع البيشمركة 317,540,465
٢- ئەم بڕه (317,540,465) دینار بۆ مووچەى هەموو وەزارەتەكانه بە پێشمەرگەشەوه، نەک تەنیا بۆ تەندرووستی و پەروەردە.
٣- رۆژی ٢٠١٨/٣/١٩ دووشەممه له لقی بانكى مەركەزى له هەولێر پارەكه رادەستى وەزارەتى دارايى و ئابوورى دەكرێت.
٤-وەزارەتمان به راوێژ لەگەڵ سەرۆكايەتیى ئەنجوومەنى وەزيرانى هەرێمى كوردستان دووشەممه و سێشەممه واته ١٩ و ٢٠ی مانگ جگه له مووچەى وەزارەتى پەروەرده، بەردەوام دەبين له پێدانى مووچه و لەو بڕه پارەيه مووچەى وەزارەتەكانى تەندروستى، شارەوانی و گەشتوگوزار، ناوخۆ، شەهيدان و كەسوكارى شەهيدان و ئەنفالكراوان، زيندانيیانى سياسى، دارايى و رەگەزنامە دابەشدەکەین، هەروەها دواى نەورۆز تەواوى وەزارەتەكانى دیکە دابەشدەكەين.
٥-پاش نەورۆز حكومەتى هەرێمی کوردستان كۆبوونەوەيەك ئەنجامدەدات بۆئەوەی بەو بڕه پارەيەى كه بەغدا دەينێرێ، هەروەها بە داهاتى ناوخۆ و داهاتى نەوت ليستى مووچه رێكبخرێتەوه. هەموو هەوڵێك دەخەينەگەڕ بۆ باشتركردنى بژێویى هاووڵاتيان و مووچەخۆران .
وەزارەتی دارایی و ئابووری
هەرێمی کوردستان