نوچەنێت
ئەندامێکی لیژی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەسەر ناوەڕۆکی راپۆرتی لیژنەکە نەگەیشتینە هیچ رێککەوتنێک، بۆ نوسینی راپۆرتی کۆتایی، بۆیە بەدواداچوونەکانمان هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتووەتەوە.
بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، بەڵام دواتر لیژنەکە هیچ ئەنجامێکیان رانەگەیاند.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، قادر رەزگەیی، ئەندامی لیژنهى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکانی پەرلەمانی کوردستانن، لە فراکسیۆنی سەوز، لەبارەی کاری لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، رایگەیاند “وەک لیژنەی تایبەتمەند راسپێردراین بۆ ئەو مەبەستە و بەدواداچوونمان کرد، لەگەڵ کۆمەڵێک فەرماندە و پێشمەرگە دانیشتنمان کرد. هەوەها لە ئەنجامی بەداواداچوونەمان هەرچییەکمان دەستکەوت لەلای خۆمان تۆمارمان کردووە”.
قادر رەزگەیی دەڵێت، ئێمە وەکو لیژنە لە نوسینی راپۆرتەکە، کە هەموو شتێکیمان ئامادەکردبوو، لە راستیدا لەسەر ناوەڕۆکی راپۆرتی لیژنە نەگەیشتینە هیچ رێککەوتنێک. بۆ نوسینی راپۆرتی کۆتایی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، بۆیە بەدواداچوونەکانمان هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتووەتەوە.
لەبارەی هۆکاری ئامادەنەکردنی راپۆرتی کۆتایی لیژنەکە قادر رەزگەیی گوتی، لێکدانەوەی جیاواز هەیە بۆ رووداوەکان، وەک هاتنی سوپای عێراق و چەکدارەکانی حەشدی شەعبی. هاوکات ناکۆکیە سیاسییەکان کاریگەرییان هەیە. دەشڵێت “لێکۆڵینەوە لەو بابەتە تەنیا ئەرکی پەرلەمان نییە. دەبێ حکومەتی و لایەنی دادوەری لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات، هەروەها پێویستە لێژنەیەک، کە خاوەن پێکهاتە جیاوازیش لەو بابەتە بکۆڵێتەوە”.