نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ ئاگری نەورۆز لەکەرکوک دەکەینەوە و بەئاڵای کوردستانەوە بەشداری مەراسیمی یادکرنەوەی نەورۆزی ئەمساڵ، دەکەین.
دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، بەتەواوی هەموو دەسەڵاتێک لە کورد سەنراوەتەوە، تەنانەت بۆ لەبەرکردنی جلی کوردیش کێشە بۆ هاوڵتیانی کورد، دروست دەکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، محمەد عوسمان، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق، لەبارەی یادکردنەوەی نەورۆز لەکەرکوک رایگەیاند”ئێمە وەکو کورد لەکەرکوک، لەناویشیاندا وەکو یەکێتی بڕیارمانداوە ئاگری نەورۆز لە شاری کەرکوک بکەینەوە و بەئاڵای کوردستانەو بەشداری مەراسیمی یادکرنەوەی نەورۆزی ئەمساڵ بکەین. هەرچی هێزولایەنیش هەیە لەکەرکوک رێگریمان لێبکات، هەر ئاگری نەورۆز دەکەینەوە”.
محەمەد عوسمان دەڵێت، بەپێی یاسا و عورف، یادکردنەوەی نەورۆز بۆنەیەکی رێگەپێدراوە لەبەر ئەوە کارێکی یاساییە. ئەو بۆنەیە یادی دەکرێتەوە لەکەرکوک، هەرلایەنێکیش رێگری لێبکات کارێکی نایاسایی و نا دەستوری و ناعورفی دەکات.
لەبارەی بەشداری حیزب و لایەنە سیاسییەکان، ئاماژە بەوەدەکات، تائێستا چەند کۆبوونەوەیەک لەنێوان حیزب و لایەنەسیاسییەکانی کەرکوک ئەنجامدراوە. لەسەرئەوە رێککەوتوون، کە هەموویان بەشداری بۆنەکە بکەن”یادکردنەوەی بۆنەکە لەهەشوێنێک بکرێتەوە ئاساییە، بەڵام هەموو ساڵێک لەسەر قەڵای کەرکوک یادی نەورۆزکراوەتەوە، رەنگە ئەمساڵیش بەهەمان شێوەی ساڵانی رابردوو لەسەر قەڵای کەرکوک بکرێتەوە”.