نوچەنێت
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەغدا ئامادەیە هاوکاریی ئەنقەرە بکات، بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەورووبەری.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە رۆژی پێنجشەممە ١٥-٣-٢٠١٨، سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە سەردانێک گەیشتە تورکیا و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. پێشتریش مەلوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندبوو، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دژی چەکدارانی پەکەکە ئەنجامدەدەن.
عەبدولمەلیک حوسێنی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی رایگەیاند “سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووپاتیکردووەتەوە، بوونی هێزی چەکدار لەسەر خاکی عێراق رەتدەکەنەوە، کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە بەتایبەتی هێزەکانی (PKK)، عێراقیش ئامادەیە هاوکاریی کۆماری تورکیا بکات، بۆ لەنێوبردنی ئەو دیاردەیە”.
لەبارەی وردەکاریی چۆنییەتی هاوکاریکردنی عێراق لە ئۆپەراسیۆنی دژ بە پەکەکە، عەبدولمەلیک حوسێنی گوتی “ئەمە کاری حکومەتی عێراقە و بەرپرسانی تورکیا پێیانڕاگەیاندوون، کە بەم دواییانە لەوبارەیەوە ئاماژەی ئەرێنییان لە بەرپرسانی عێراق پێگەیشتوون”.
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەش کرد “سەلیم جبووری لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی تاوتوێکردووە و بەرپرسانی تورکیا پشتیوانی خۆیان بۆ گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆکردن دووپاتکردووەتەوە”.
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش کرد، کە “لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا لە ئەنقەرە، گفتوگۆکراوە لەبارەی میکانزمی هاوکاری ئەمنی و هەواڵگری و ئاڵوگۆڕکردنی تۆمەتباران و ئەوانەی پەیوەندییان بە رێکخستنەکانی داعشەوە هەیە، ئەمەش لەپێناو سەقامگیریی عێراق”.
عەبدولمەلیک حوسێنی ئەوەش دەخاتەڕوو، کە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەفەرمی هاوتا تورکییەی بانگهێشتکردووە، بۆئەوەی سەردانی عێراق بکات. لە بەشێکی دیکە گفتوگۆکاندا باسی رۆڵی تورکیا لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی عێراق و زیاتر پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری نێوان هەردوو وڵات کراوە.