نوچەنێت: تایبەت
بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی رایدەگەیەنێت، تا ئێستا ھیچ گەشتێکی نێودەوڵەتی لەفڕۆکەخانەی سلێمانی ئەنجام نەدراوە و بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیش چاوەڕوانی کۆمپانیاکان دەکەین، بۆ ئەوەی خشتەی گەشتەکانی خۆیان رێکبخەن.
دوای قەدەغەکردنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ و نیو لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، رۆژی چوارشەممە ١٤-٣-٢٠١٨، بەفەرمی فڕۆکەخانەکانی کوردستان بەڕووی گەشتی نێودەوڵەتی کرانەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، دانا محەمەد، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، لەدوای بڕیاری کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێم بەرووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان، تا ئێستا ھیچ گەشتێکی نێودەوڵەتی لەفڕۆکەخانەی سلێمانی ئەنجام نەدراوە. گوتیشی “فڕۆکەخانە گەشتەکان رێکناخات، بەڵکو کۆمپانیای فڕۆکەوانی گەشتەکان رێکدەخات و خشتەی گەشتەکان رێکدەخەن”.
دانا محەمەد دەڵێت “تائێستا ھیچ کۆمپانیایەکی ھێڵێ ئاسمانی، بە ئێمەی نەگوتووە گەشتم ھەیە، فڕۆکەخانەی سلێمانی ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی گەشتەکان، ئەوەی، کە ماوەتەوە کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانن، دەبێت خۆیان ئامادە بکەن بۆ گەشتەکان”.