نوچەنێت
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەڵێت “لەگەڵ کورد بەرەو سەردەمێکی نوێ لە برایەتی و هاوکاریی دەڕۆین و پێکەوە هەنگاو بۆ بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە دەنێین”.
رۆژی هەینی ١٦-٣-٢٠١٨، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی بەعس بەسەرۆکایەتیی سەددام حوسێن ٣٠ ساڵی تێپەڕاند، لەو رۆژەدا زیاتر لە پێنج هەزار کەس شەهید و زیاتر لە ١٠ هەزاری دیکە برینداربوون.
عەبادی لە پەیامەکەیدا هاوسۆزی بۆ کەسوکاری قوربانییان دەردەبڕێت و دەڵێت “عێراق سوورە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری گەلی کورد و گەرەنتی کردنی مافە دەستوورییەکانی لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی عێراق، لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت “عێراق هەموو پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی گرتوونەتەبەر بۆ لەنێوبردنی پاشماوەکانی چەکی کیمیایی، کە رژێمی پێشوو لە دژی هەڵەبجە و شارەکانی دیکەی عێراق بەکاریهێنا”.