نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان زۆر گونجاوە.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، هەرخولێکیش بۆماوەی چوار ساڵە و شێوازی هەڵبژاردن تیایدا لیستی نیمچەکراوەیە و کوردستان یەک بازنە دەبێت، لەئێستاشدا بەپێی زانیارییەکان، فراکسیۆنی یەکێتی هەوڵەکانی خۆی چڕکردووەتە و بۆ ئەوەی یاساکە هەموار بکرێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، قارەمان قادر، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لە بارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم رایگەیاند “یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان لە کۆمەڵێک بڕگە و ماددە پێکهاتووە و، پەرلەمانی وەکو دامەزراوە و سەرجەم فراکسیۆنەکان بە گشتی مافی ئەوەیان هەیە، داوای هەموارکردنەوەی، هەر بڕگە و ماددەیەک لەو یاسایە بکەن و حاڵەتێکی ئاساییە، بەڵام دەبێت بزانین هۆکاری داواکردنی هەموارکردنەوەکە چییە”.
لەبارەی هەڵوێستی فراکسیۆنەکەشی لەسەر هەموارکردنەوەکە، قارەمان قادر دەڵێت “ئێمە وەکو فراکسیۆنی گۆڕان، تاوەکو ئێستا هیچ پێشنیارێکمان نەبووە، بۆهەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، پێمان وابووە تاکو ئێستا یاساکە چۆن هاتووە هەروا بەردەوام بێت”.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر گۆڕانکاری لە یاساکەدا بکرێت، لەبارەی سندوقی زیرەک، کە هەندێک پێیانوایە پێویستی بەهەمواری یاساکە هەیە، بۆئەوەی وەسفی ئامێرەکە وەربگیرێت و حوکمی ئامێرەکە لەناو یاساکەدا بچەسپێندرێت، بۆ ئەوەی هەر تاوانێک بەو ئامێرە بکرێت لەناو یاساکە دەستنیشان بکرێت، بۆیە دەکرێت دەستکاری یاساکە بکرێت بۆ حاڵەتێکی وا.
قارەمان قادر هەروەها گوتیشی “ئەگەر دەستکاری بکرێت، بۆئەوەی سیستەمی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بگۆڕدرێت، دەنگۆیەک هەیە تەمەنی کاندیدکردن بۆ پەرلەمانی کوردستان بکرێتە ٤٠ ساڵ، تائێستا ئەمانە دەنگۆن، بەڵام من پێموایە بۆ دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان یاسای هەڵبژاردن زۆر گونجاوە”.