بڕیاری کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە

0

نوچەنێت
دوای زیاتر لە پێنج مانگ لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، ئەمڕۆ بەفەرمی فڕۆکەخانەکانی کوردستان بەڕووی گەشتی نێودەوڵەتی کرانەوە. وەزیری ناوخۆی عێراق-یش گوتی “دەستوور چارەسەرە و بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان دەگەڕێینەوە سەر دەستوور”.   

وەکو کاردانەوە بەرامبەر ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، لە ٢٥-٩-٢٠١٧، قەدەغەکردنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە فڕۆکەخانەکانی کوردستان، یەکێک لەو سزا و گەمارۆیانەی حکومەتی عێراق بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاندی. دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ و نیویش حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا گەمارۆکە هەڵبگرێت و لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەست بە گەشتە نێودەوڵەتییەکان بکرێتەوە.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، ١٤-٣-٢٠١٨) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، قاسم ئه‌عره‌جی، وه‌زیری ناوخۆی عێراق و كه‌ریم شنگالی، وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و بێستوون زەنگەنە، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە لە پەرلەمانی عێراق، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێرەوە كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان به‌ رووی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان راگه‌یاند.

قاسم ئه‌عره‌جی، وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی “بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەکو ئەوەی لە فەرمانی دیوانیدا هاتووە، بۆ کردنەوەی هەردوو فڕوکەخانەی هەولێر و سلێمانی بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان، ئەمڕۆ هاتینە هەولێر. چاومان بە بەڕێز سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی هەرێم کەوت، هەموو لایەک هاوڕابوون لەسەر ئەوەی: دەستوور چارەسەرە و بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان دەگەڕێینەوە سەر دەستوور”.   

هەروەها كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان گوتی “بەخێرهاتنی وەزیری ناوخۆی عێراق دەکەم و سوپاسی دەکەم بۆ هەوڵەکانی بۆ كردنەوەی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی. کردنەوەی هەردوو فڕۆکەخانە، ھەنگاوێكی باشە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا”.

بێستوون زەنگەنە، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە لە پەرلەمانی عێراق مژدەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی راگەیاند و گوتی “سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ مژدەیەک دەدەینە خەڵکی کوردستان، هەردوو فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێر بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان کرانەوە”.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com