سەرۆکی نوێی دەزگای دیبلۆماسی ئەمریکا کێیە؟

0

نوچەنێت

مایک پۆمپیۆ، کە ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن سەرۆکی ئەمریکاوە بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە دیاری کرا، لە زۆربەی بابەت و پرسە گرنگ و جیهانییەکان لە گەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوڕایە و وەک دەگوترێ هاودیدن.

سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، بە کۆماریخوازێکی توندڕەو هەژمار دەکرێ، وەک چۆن دۆناڵد ترەمپ، بەر لەوەی بێتە ناو کایەی سیاسییەوە، سەرقاڵی کاروباری بازرگانی بووە. بەر لەوەی ببێتە ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، سەرۆکی کۆمپانیاییەک بووە، کە لەکاروباری نەوت چالاک بووە.

مایک پۆمپیۆ، بۆ ماوەی سێ خول نوێنەرایەتی ئەیالەتی کانزاسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ئەستۆ بووە. هەروەها ئەندامی لیژنەی زانیارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و لیژنەی وزە و بازرگانی ئەم ئەنجوومەنە بووە.

مایکی ٥٤ ساڵە، خوێندنی لە زانکۆی هاروارد تەواو کردووە. دوای ئەوەی لە ٢٠٠٨ باراک ئۆباما بوو بە سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەست بوو بە بزووتنەوەی کۆنەپارێزی پارتی. هەروەها ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی چەک بووە. دوای هێرشە مەرگبارەکانی ئەمریکا، ڕەخنە و گازندەی زۆری لەم ئەنجوومەنە هەبووە و بە توندی هەڵوێستی وەرگرت.

پۆمپیۆ، بژاردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە، هەمان ئەو کەسەیە، کە کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە داعش شوبهاند و لە سەردەمی دانوستانە ئەتۆمیەکانی ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان، خوازیاری بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێران بووە.

بە گوتەی سیناتۆر گراهام، هیچ کەس وەک پۆمپیۆ لە مەترسییەکانی کۆریای باکوور و ئێران تێناگات.

پۆمپیۆ، پێشتریش ئێرانی بە رژێمێکی پۆلیسی تاوانبار وەسف کردووە. رێککەوتنی ئەتۆمی بە کارەساتێکی گەورە ناوبرد و کاتێک پۆستی سەرۆکی دەزگای سی.ئای.ئەی بە دەستەوە گرت، بەڵێنی دا، کە ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی بکشێتەوە، چونکە پێێوایە ئەم رێککەوتنە رێگری لە گەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی ناکات، سەرباری ئەمەش دەبێتە هەڕەشەیەکی جددیتر بۆ سەر ئیسرائیل.

ساڵی ٢٠١٦، ئێرانی وەک گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم لە ئاستی جیهان وەسف کرد و وەک بۆ خۆی  دەڵێت “ئامانجی رژێمی ئێران لە ناوبردنی ئەمریکایە”.

مایک پۆمپیۆ لە چاوپێکەوتن و لێدوان و نووسراوەکانی، ئێران بە سەرچاوە و هۆکاری سەرەکی ململانێ و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناودەبات.

کاتێک، کە رێککەوتنی ئەتۆمی واژۆ کرا، رایگەیاند “ئەم رێککەوتنە دیاری و خەڵاتێکی گەورەی کۆمەڵگەی جیهانی بوو بۆ ئێران و رەفتارەکانی. ساڵی ٢٠١٦ بوو، کە بە ئاشكرا گوتی، کۆنگرێسی ئەمریکا دەبێ هەوڵ بۆ گۆڕینی رەفتاری ئێران و دواتر گۆڕینی رژێمەکەی بدات.

لە ماوەی ڕابردووشدا نامەیەکی ئاراستەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران کرد و تیایدا هۆشداری دایە ئێران و پێی راگەیاند، کە رێگە نادات بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق بکەوێتە بەر هەڕەشەی ئێران.

وەزیری دەرەوەی داهاتووی ئەمریکا، پێشتر جەختی کردۆتەوە، کە سەرانی وڵاتانی ئیسلامی بە ناوی ئیسلامەوە توندوتیژی بەڕێوە دەبەن و ئەوانی وەک هۆکاری هێرشە تیرۆریستیەکان ناوبردووە.

لە ساڵی ٢٠١٣ لە گوتارێکدا لە ئەنجوومەنی نوێنەران، گوتبووی “ئەوان (سەرانی وڵاتانی ئیسلامی) دەبێ بە پشتبەست بە قورئان، جەخت لە سەر ئەوە بکەنەوە، کە کوشت و کوشتاری خەڵکی مەدەنی و بێ تاوان ناڕەوایە”.

دژی داخستنی زیندانی گوانتانامۆیە، لە ساڵی ٢٠١٣، دوای ئەوەی سەردانی زیندانی گوانتانامۆی کردبوو و لە نزیکەوە ژمارەیەک بەندکراوی بینی، کە مانیان لە خواردن گربوو، گوتبووی “وام هەست کرد زۆریەک لە مانگرتووان کێشیان زیادی کردووە و قەڵەوتر بوونە”.

یەکێكە لە دژەکانی کۆریای باکوور و سەرۆکەکەی و پێى وابووە، کە دەبێ کار بۆ وەلانانی کیم جۆنگ ئون بکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە، کە ریکس تیلرسەن، جەختی کردۆتەوە، کە گۆڕینی رژێمی کۆریای باکوور، سیاسەتی واشنتۆن نییە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com