نوچەنێت
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کردنەوەی فڕۆکەخانەکان هەنگاوی یەکەمەو، بەم رۆحیەتە کاربکەین دەتوانین کێشەکانمان چارەسەر بکەین.
دوای ئەنجامدانی گشتپرسی کوردستان، هەردوو فڕؤکەخانەی هەولێر و سلێمانی، بە بڕیاری حەیدەر عەبادی داخران.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٣-٣-٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، شەوی رابردوو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەبادی ئەنجامداوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و ناردنی موچەی بەشێک لە فەرمانبەران کردووەتەوە.
ئەمە دووەم پەیوەندی تەلەفۆنی نێچیرڤانب بارزانی و عەبادییە، لەماوەی هەفتەیەکدا.
بارزانی گوتی، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، عەبادی ئەمڕۆ خۆی لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، دووپاتیکردەوە کە موچەی بەشێک لە فەرمانبەران دەنێرێت، ئێمەش بەهیواین هەردوو کێشەکە چارەسەربکرێن و چاوەڕوانین”.
سەرۆکی حکومەت ئەم بڕیارەی بە ئەرێنی وەسفکردو گوتی، بڕیاری کردنەوەی فڕۆکەخانەکان هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەیەکی راست. چارەسەری هەموو کێشەیەک لە هەنگاوی یەکەم دەستپێدەکات. پێموایە چارەسەرکردنی ئەو دوو گرفتە هەنگاوی گرنگن و جێی دوسخۆشی و سوپاسن، پێموایە بەم رۆحییەتە کاربکەین دەتوانی کێشەکان چارەسەر بکەین.