نوچەنێت
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە فەرمانێکی دیوانیدا شەش بڕیار لەبارەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەردەکات.
لە فەرمانەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پاڵپشت بەو دەسەڵاتانەی پێماندراوە، بەپێی ماددەی (٧٨) لە دەستووری عێراق و بەپێی بڕیاری ژمارە (٣٠٥) ی ساڵی ٢٠١٧ی ئەنجومەنی وەزیران، لە پەرۆشیمان بۆ ئاسانكردنی گەشتی هاوڵاتیان لە رێگەی هەردوو فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی، دوای وەڵامدانەوەی دەسەڵاتە نیوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ رادەستكردنەوەی هەردوو فڕۆكەخانەكە بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی بەپێی دەستوور، بڕیارمان لەسەر ئەم خاڵانە دا:-
یەکەم. دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی تایبەت بەسەر فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان، كە تێیدا سەرپەرشتی و دەسەڵات لەژێر فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵیدا دەبێت. هەروەها دیاریكردنی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەو بەڕێوەبەرایەتییەوە و تەنسیبكردنی فەرمانبەران، رێكخستنیان و سوودوەرگرتن لەو پێكهاتانەی ئێستا هەیە لەژێر دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆی فیدراڵیدا دەبێت، پاش دووبارە رێكخستنەوە و هەیكەلیەت و پەیوەستی بە دەسەڵاتی فیدرالی بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:-
1- بەشی پاراستنی تایبەتی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و هەولێر پەیوەست دەبن بەو بەڕێوەبەرایەتییەی سەرەوە.
2- بەڕێوەبەری بەشی پاراستن دەبێت ئەفسەر بێت و نابێت پلەكەی لە (عقید) كەمتر بێت، جێگرەكەشی نابێت پلەكەی لە (مقدم) كەمتر بێت، هەردووكیان لەلایەن وەزیری ناوخۆی فیدڕاڵەوە هەڵدەبژێرێن.
3- دەبێت فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو پاپەندبن بەو پۆشاكەی دیاریكراوە بۆ هێزی ئەمنی سەر بە وەزارەتی ناخۆی فیدڕاڵ بەپێی رێنماییەكانی ژمارە (٧) بۆ ساڵی ٢٠١٤.
دووەم: سیستەمی چاودێری (البایسز) دەبەسترێت بە سیستەمی سەرەكی لە بەغدا، كە تایبەتە بە فڕۆكەخانەكان و دەروازەكانی هەرێم بەوشێوەیەی لە دەروازەكانی دیکەی عێراق كاری پێدەكرێت.
سێیەم: فەرمانگەی پاسپۆرت و جنسیە و فەرمانبەرەكانیان لە هەولێر و سلێمانی دەبەسترێن بە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ بەپێی یاسا.
چوارەم: لیژنەی هونەری سەر بە دەستەی گشتی گومرگ سەرپەرشتی هەناردەكردن و هاوردەكردنی شتومەك دەكات لە هەردوو فڕۆكەخانەكە، پاش بەدەستهێنانی رەزامەندی فەرمی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە هاوردەی خۆماڵی و بیانی و پشكنینی رەزامەندییەكان بەپێی پسپۆرییەكان و هەروەها بەپێی ئەو بڕیارانەی لە كتابی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیدا هاتوون، کە بە ژمارە (١٢٦) لە رێککەوتی ٩-٥-٢٠١١ دەرکراوە.
پێنجەم: رێگە بە گەشتە ئاسمانییە نێودەڵەتییەكان دەدرێت لە فڕۆكەخانەكانی هەرێم، ئەمەش بەپێی رەزامەندییەكانی دەسەڵاتی ئاسمانی مەدەنی فیدراڵی و پاش تەواوكردنی پێداویستییەكانی ئەم فەرمانە دیوانییە، بە مەرجێك لە یەك هەفتە تێپەڕنەبێت لەو بەروارەوە.
شەشەم: لیژنەیەكی باڵا بۆ سەرپەرشتیكردنی بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكان و خاڵە سنوورییەكانی هەرێم پێكدێت، بۆ دڵنیابوون لە پاپەندبوونی بە رێنماییە فیدراڵییەكان، نوێنەری گشت دەسەڵاتە پەیوەندیدارەكانی ناوەند لەخۆدەگرێت و هەرێم راپۆرت بەرزدەكاتەوە بۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان یان هەركەسێكی تەخویلكراو.