نوچەنێت:تایبەت
گوتەبێژی وهزارهتی کاروباری شههیدان رایدەگەیەنێت، بودجەی پێویست تەرخانکراوە بۆ یادکردنەوەی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ١٦ی ٣، یادەکەش بەشێوەیەکی فەرمی دەکرێتەوە.
١٦ی ٣ی هەموو ساڵێک بەشیوەیەکی فەرمی مەراسیمی یادکردەوەی کیمابارانی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت، تیایدا چەندین بەرپرسی حکومی و حزبی و نوێنەری وڵاتان ئامادەی مەراسیمەکە دەبن. هەروەها لەشاری هەڵەبجە ساڵی رابردوو ٣١ ملیۆن دیناریان بۆ یادهكه خهرجكراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وهزارهتی کاروباری شههیدان و ئەنفالکراوان، لەبارەی یادکردنەوەی کیمیابارانی هەڵەبجە رایگەیاند ”بە مەبەستی بەڕێوەچوونی مەراسیمی یادکردنەوەی کیمیابارانی هەڵەبجە بۆ ئەمساڵ، حکومەتی هەرێم لەسەر بودجەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بودجەی پێویستی بۆ تەرخانکردووە و یادەکەش بەشێوەیەکی فەرمی دەکرێتەوە”.
گوتەبێژی وهزارهتی کاروباری شههیدان و ئەنفالکراوان گوتیشی “هیوادارین بتوانین یادکردنەوەی هەڵەبجە یادێک بێت، شایستەی خوێنی شەهیدانی هەڵەبجە بێت، هیوادارین نوێنەری وڵاتان، بەو گیانەی، کە خەڵکی هەڵەبجە و کوردستان جینۆسایدکراوە، لەلایەن رژێمی بەعس بەشداری یادەکەمان بکەن و بەچاوی خۆیان بیبینن، کە چ مەرگەساتێک لە ١٦-٣ بەسەر گەلی کوردستان و هەڵەبجەدا هاتووە”.
هاوکات داوا دەکات، نوێنەری وڵاتان لەیادەکە بەشداربن و پەیامی یادەکە بگەیەننە وڵاتەکانیان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا، وەکو جینۆسایدی گەلی کوردستان بناسرێت و قەربووی شایستەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بکرێتەوە.