کەوتنی عەفرین لە نێوان بەرداشی دوو رێککەوتن

0

نوچەنێت

سوپای سوریا، ڕۆژی ٢٠ی جانیوەری ئۆپەراسیۆنی سەربازی خۆی بە ناونیشانی چڵە زەیتون بۆ سەر هەرێمی عەفرین دەستپێکرد و ئێستاش بەردەوامە.

سیناریۆی یەکەم، رێکککەوتنی نێوان تورکیا و ئەمریکا

سەرئەنجام ئەمریکا لە سەر دوو رێیانی تورکیا و کوردەکان، هاوپەیمانی خۆی لەناتۆ هەڵدەبژێرێ و پشت لە هاوپەیمانی سەرەکی خۆی لە شەڕی دژی داعش دەکات. یان ئەوەی، کە لە باشترین حاڵەتدا دڵی کوردەکان رابگرێت، بەو شێوەی، کە ئەنقەرە ویستی لە سەرە.

ئەمریکا بڕیاری داوە، کە پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیا ئاسایی بکاتەوە، بەم روانگەشەوە پشت لە کوردی سوریا دەکات، کە تا سەر لە شەڕی دژ بە داعش پشتیوان و هاوپەیمانی بووە. ئەمە بەشێكە لە راپۆرتی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی.

ئیدارەی ترەمپ بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا رایگەیاندووە، کە هێزەکانی کوردی سوریا، کە وەک کۆڵەکەی سەرەکی لە کەمپەینی ئەمریکا بۆ شەڕی دژ بە داعش هەژمار دەکرێن، دەخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە.

وۆڵ ستریت جۆڕناڵ، لە سەر زاری بەرپرسێکی باڵای تورکیا دەڵێت، یەکەم هەنگاو بۆ ئەم بابەتە، کشانەوەی هێزەکانی کوردی سوریایە لە شاری منبج و جێگیرکردنیان لە ڕۆژهەڵاتی رووباری فورات. ئەم شارە بە شێوەی رەمزی بۆتە ناوچەیەک بۆ ململانێی هێزەکانی ئەمریکا، تورکیا و وڵاتانی دیکە.

ئەگەر ئەمریکا وەڵامی ئەرێنی بە داواکاری تورکیا بداتەوە، مانای وایە رەزامەندی ئەنقەرەی بە دەست هێناوە. بەڵێنێک، کە پێشتر لە لایەن ئیدارەی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دراوەتە تورکیا. ساڵی ٢٠١٦ بوو، کە هێزەکانی یەپەگە هەوڵی ئازادکردنی منبەجیان لە ژێر دەسەڵاتی داعش دا و لەو کاتەوە لەم شارە جێگیر کراوە.

بەڵام تورکیا نیشانی داوە بەو رادەیە پشوو درێژ نییە و ئامادە نییە بوونی ئەم هێزانە لە ناوچە سنووریەکانی خۆی قبووڵ بکات یان ئەوەی، کە چاوپۆشی لێبکات. تورکیا تێکڕایان بە تیرۆریست ناو دەبات.

بەم حاڵەشەوە، بەرپرسانی ئەمریکا هیچ خشتەیەکی زەمەنیان بۆ كشانەوەی هێزەکانی کورد لە منبەج بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات دیاری نەکردووە. تەنها رایانگەیاندووە ئەم بابەتە لە دانیشتن و کۆبوونەوەی لیژنەکانی واشنتۆن و ئەنقەرە باس و گفتوگۆی لە سەر کراوە و یەکەم خولی گفتوگۆکانیش ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی ڕابردوو لە واشنتۆن بەڕێوەچووە.

ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا بە شێوەی رێژەیی، کۆمەڵێک تێچووی بەدواوە بووە. هێزەکانی کوردی هاوپەیمانی ئەمریکاش رایانگەیاندووە، بۆ بەهێزکردنی بەرەکانی شەڕی دژ بە تورکیا لە عەفرین و دەورووبەر، لە بەرەکانی شەڕی داعش لە باشووری سوریا دەکشێنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەمریکا تەنها چاوی لە سەر داعش و شەڕی دژ بەم گروپەیە و کوردەکانیش کاریگەرترین هێز و فاکتەر بوون لەم شەڕەدا.

سەرباری کێشەکانیان لە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن لە دوای کودەتای بێ ئەنجامی تورکیا لە ٢٠١٦، گرژی بەخۆوە بینیوە. لە لایەک ئەردۆغان، هەستی دژ بە ئەمریکا لە وڵات دەورووژێنی و ئەم فکریەتە پەروەردە دەکات، لە لایەکی دیکەوە ئەمریکییەکان و یاسادانەرانی بە زمانی گەمارۆ، هەڕەشە لە تورکیا دەکەن.

بەرپرسانی ئەمریکی و تورکیا، کە نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرا بێت، جەخت لە سەر رێککەوتنی دوو لایەنە لە سەر منبەج دەکەنەوە.

بەرپرسێکی تورکیا دەڵێت، ئەمریکییەکان ئێستا لە نیگەرانیەکانی ئەنقەرە تێدەگەن، بە تایبەت دوای ئەوەی، کە رێکس تیلرسەن، سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئەمریکا سەردانی تورکیای کردووە. هەروەها دوای دیداری ماکماستەر، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و سەردانەکەی وەزیری بەرگری ئەم وڵاتە بۆ تورکیا، ئەم تێگەیشتنە لای واشنتۆن دروست بووە. بەرپرسێکی ئیدارەی ترەمپیش دەڵێت، ئاسایی بوونەوە و نزیکبوونەوەی تورکیا و ئەمریکا گرێدراوە بە چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لە سەر کوردەکان.

ئەگەر ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی خۆی لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی کوردی لە منبج بێت، تورکیاش بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک دەخاتە خزمەت ئەمریکاوە.

خاڵێکی دیکەی جێی ناکۆکی ئەنقەرە و واشنتۆن، داواکارای بەردەوامی تورکیا بووە بۆ ڕادەستکردنی فەتحوڵڵا گولەن لە لایەن ئەمریکاوە. لە لایەکی دیکەوە، سیناتۆر جەیمز لێنکفۆرد، پلانی گەمارۆی نوێی بۆ سەر ئەنقەرە پێشنیار کردووە.

نیکۆلاس دانفۆرد، شرۆڤەکاری کاروباری تورکیا دەڵێت، ئەم کێشە و ناکۆکیانەی نێوان دوو وڵات، بەرژەوەندی هاوبەشییان لە سوریا خستۆتە مەترسییەوە. هەر بۆیە دەبێ بیر لە نەخشە رێگایەک بکرێتەوە.

بە گوتەی دانفۆرد، لە ئێستا تورکیا و ئەمریکا لانی کەم لە کەیسی سوریا، هۆکاریک بۆ وەلانانی ناکۆکیەکانیان دەبینن، کە پێدەچێ رێککەوتن بێت لە سەر حیسابی کوردی سوریا. تەرکیزی تورکیا لە سەر شەڕی دژ بە کورد لە سوریا، شەڕی دژ بە داعش دەخاتە پەراوێزەوە و توانای تورکیا لەم نێوەدا بۆ گەیشتن بە بەرەژوەندییەکانی بردۆتە ژێر پرسیارەوە.

سیناریۆی دووەم، رێککەوتنی نێوان سوریا و رووسیا

سەرۆکی رووسیا لە نامەیەکدا بۆ بەشار ئەسەد، هاوتا سورییەکەی، چەند ناوچەیەکی بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی ئەسەد لە باکووری حەلەب دیاری کردووە، بەو مەرجەی، کە کۆنتڕۆڵی ناوچەی عەفرین ڕادەستی هێزەکانی تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی سوریا بکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا بەرپرسێکی باڵای رووسیا،  کە هەڵگری پەیامەکەی ڤلادیمێر پووتین بووە، سەردانی دیمەشقی کردووە و لەگەڵ بەشار ئەسەد، کۆبووەتەوە. پەیامەکە گوزارشت لەوە دەکات، کە سەرجەم ناوچەکانی عەفرین و باکووری سوریا لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی نووسراو بە ناوچەکانی کەم کردنەوەی شەڕ و ئاڵۆزی، ڕادەستی رووسیا، ئێران و تورکیا دەکرێت. بەپێی زانیارییەکانی شەرقولئەوسەت، واڵری گراسیمۆف، سەرۆک ئەرکانی سوپای رووسیا، بە رێگەی سەردانیکردنی دیمەشق و مانەوەی لە بنکەی سەربازی حەمیمیم و دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ لایەنەکانی پەیوەندیدار (هێزەکانی سوریا، هێزەکانی هاوپەیمان و یەپەگە) ئەم پەیامەی پووتینی پێگەیاندوون.

شەرقولئەوسەت ئاشکرای دەکات، ئەم فەرماندە سەربازیەی رووسیا، کە بە نهێنی سەردانی دیمەشقی کردووە، لایەنەکانی پەیمانی پووتینی شیکردۆتەوە. بە گوێرەی پلانەکەی پووتین، چەند ناوچەیەکی سوریا ڕادەستی حکومەتی سوریا و هاوپەیمانانی دەکرێ، بەو مەرجەی، کە هیچ کام لەم ناوچانە لە عەفرینەوە نزیک نەبن.

لە بەرامبەردا، سوپای تورکیا ١٢ یان ١٣ بنکە لە پارێزگاکانی ئیدلیب، حەما و حەلەب دەکاتەوە و هاوکات لە ئۆپەراسیۆنەکانی چڵە زەیتون، بۆ لکاندنی ناوچەکانی جێی مەبەستی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات و جرابلس و ناوچەکانی ئیدلیب بەردەوام دەبێت.

لە درێژەی راپۆرتەکەی شەرقولئەوسەت، باس لەوە دەکرێ، کە بەرپرسێکی سوریا ئەم پەیامە و وردەکاری ناوچەکانی بە سیپان حەمۆ، فەرماندەی یەپەگە گەیاندووە. ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی کورد، ئەم بڕیارەی دیمەشقیان وەک کشانەوەی هێزەکانی سوریا لە عەفرین و باکوور سوریا بە قازانجی تورکیا لێکداوەتەوە.

ئەم پەیامەی پووتین، پەیامێکی دیکەی رووسیا پشتڕاست دەکاتەوە، کە پێشتر سیپان حەمۆی لێ ئاگادار کراوەتەوە؛ ئەوەیش ئەوەیە، کە بەپێچەوانەی پڕوپاگاندا و بانگەشەی میدیا و بەرپرسانی سوریا، کە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون، وەک دەستدرێژی تورکیا ناودەبەن، مۆسکۆ رێگە بە دیمەشق نادات، کە بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە سەر خاکی سوریا بوەستێتەوە.

هێرشەکانی تورکیا و بەردەوام بوونی، وەبیرهێنەرەوەی پەیامێکە، کە حەمۆ لە مۆسکۆ و لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون، لە سەرۆک ئەرکانی سوپای رووسیای بیستووە، ئەوەی کە تورکیا مافی بەرگری لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی هەیە و سوپای رووسیاش رێگر نابێ لە بەردەم هێرشی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین.

پەیامی سەربازی ئەم رێککەوتنە ئەوەیە، کە عەفرین بەرە بەرە دەخرێتە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی کەم کردنەوەی ئاڵۆزی و پێدەچێ ١٥ی مارس، لە ئاستانای پایتەختی کازاخستان بڕیاری لە سەر بدرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com