نوچەنێت
سوپای رژێمی سوریا لە شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان دەکشێتەوە و سەنگەرەکانی لە دەرەوەی ئەو شارە توندوتۆڵ دەکات.
رۆژی ٢٠-٢-٢٠١٨، هێزەکانی رژێمی سوریا بە رێککەوتن لەگەڵ یەپەگە گەڕانەوە شاری عەفرین و نوری مەحمود، گوتەبێژی یەپەگەی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاندبوو، ئەو هێزە سوورییانە لەسەر سنووری عەفرین بەڕووی هێزە تورکییەکان جێگیر دەبن.
رۆژی دووشەممە ١٢-٣-٢٠١٨، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد، کە سوپای رژێمی سوریا لە دەرەوەی شارەکانی نوبل و زەهرا لە باشووری عەفرین، پشتێنەیەکی ئەمنیی توندوتۆڵی دروست کردووە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە لە هێرشی سوپای تورکیا.
هەرچەندە سوپای رژێمی سوریا و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رێک کەوتبوون لەسەر چوونی هێزێکی سەر بەو رژێمە بۆ عەفرین، بە مەبەستی شەڕکردن لە دژی سوپای تورکیا، بەڵام دوای نزیکبوونەوەی سوپای تورکیا لە عەفرین، سوپای رژێمی سوریا کشایەوە.
لە رۆژی ٢٠-١-٢٠١٨، سوپای ئازادی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و سوپای تورکیا لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، ھێرشیان کردووەتە سەر کانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.