نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، دووکات بە پەسەند دەزانرێت، ٧-٦ یان ٧-٩-٢٠١٨، بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەشڵێت “زۆربەی بۆچوونەکان لەگەڵ ئەوەن ٧-٩ دیاری بکرێت”.
رۆژی چوارشەممە ٧-٢-٢٠١٨، شاندێکی باڵای حکومەت بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم، لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەهەرێمی کوردستان بە مەبەستی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکان کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتنە دەرەنجامی کۆتایی بۆ دیاریکردنی ئەو وادەیە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شوکریە شێخانی، ئەندام فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “لەو کۆبوونەوەیەی، کە نزیکەی مانگێک پێش ئێستا لە نێوان سەرۆک فراکسیۆنەکان و حکومەتی هەرێم و کۆمسیۆن ئەنجامدرا، کە هەندێک لایەن پێیان باشبوو جارێ کاتەکەی دیاری نەکرێت بەتایبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەندێک لایەنی دیکەش پێیان باشبوو کاتەکەی دیاری بکرێت”.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوای گفتوگۆیەکی زۆر دوو کات بە پەسەند زانرا، ٧-٦-٢٠١٨ یان ٧-٩-٢٠١٨، بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، زۆربەی بۆچوونەکانیش لەگەڵ ئەوەبوون ٧-٩-٢٠١٨ دیاری بکرێت، دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی هەرێم ئێستا دەسەڵاتی بڕیاردان لای سەرۆکی حکومەتی هەرێمە، بەڵام تائێستا هیچ کاتێک لەو دوو کاتەی دیاریکراوە، وەڵامی نەداوەتەوە.
لەبارەی هۆکاری دیاری نەکردنی کاتەکە شوکریە شێخانی گوتی “من پێموایە تا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەتایبەت هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، هیچ هەنگاوێک نانێن بۆ دیاریکردنی کاتەکەی، بۆئەوەی بزانن قەبارەی دەنگەکانیان چەندە لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەنگیان چەندە لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم”.